چۆن برینەکەی هەولێر سارێژ دەکرێت؟

PM:04:51:12/12/2023
3340 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

یانەی هەولێر کە لەسەر ئاستی عیراق و ئاسیا ناوێکی گەورەیەو مێژووێکی پڕشنگداریشی هەیە،
لە ئێستادا زامدارەو خوێن لە جەستەی دەچۆڕێ، تاکە هیوای چارەسەریش لە ئێستادا پزیشکێکی لێهاتووە بتوانێ برینەکەی ساڕێژ بکات. 
کامیان برینەکەن؟
دوای دۆڕانە قورس و مێژووییەکەی دوا یاری بەرامبەر جەویە، هاندەرانی ئیمپڕاتۆر هاواریان لێهەڵساو لەبەردەم یاریگا گردبوونەوەو داوای دەستلەکارکێشانەوەیان لە دەستەی کارگێڕی کرد، بەڵام دوای رۆژێک بەرپرسانی یانە (عەباس عوبێد)ی راهێنەرو ستافەکەیان دوورخستەوە! 
ئەم هەنگاوە بە بڕوای من زیاتر لە جوڵەیەکی شەترەنجی دەچوو، لەو رێگەیەوە چاوەکان و فشارەکانی جەماوەریان لە خۆیان دوورخستەوەو هۆکاری ئەم ئەنجامە خراپانەشیان خستە ئەستۆی راهێنەر! لە کاتێکدا هەموومان باش دەزانین کێشەو گرفتی زۆر لەناو دەستەی کارگێڕی هەیە، ئەمەش رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر یاریزانەکان و ئاستی تیپەکە دروستکردووە، بۆیە بە گۆڕینی راهێنەر ئەو کێشەو گرفتانەی ناو دەستەکە چارەسەر نابێت، بگرە لە هەر کات و ساتێکی دیکەدا رەنگە بە خراپتر سەرهەڵبداتەوە، هاوشێوەی نەخۆش کاتێک بەنج بەری دەدات، دووبارە ئازارەکەی بۆ دەگەڕێتەوە،  کەوایە تا برین و کێشەکانی ناو دەستە سارێژ نەکرێت، بە هێنانی گواردیۆلاش هەولێر هەر بە زامداری دەمێنێتەوە. 
پێ بەقەد بەڕەکەت ڕاکێشە 
ئەمساڵ دەستەی کارگێڕی گلەیی زۆریان لە لایەنی دارایی هەیە، دیارە بۆ دەستپێکی خول بڕێک پارەیان پێدراوەو وەک سپۆنسەریش گوژمەیەکیان لە کۆڕەک وەرگرتووە، هەروەها لەو یارییانەی کە لە فڕانسۆ هەریریش بەڕێوەدەچێت، داهاتی تکتیان وەچنگ دەکەوێت، وێڕای کرێی دوکانەکانی تابلۆ مۆڵ و ئەوانی دیکە، سەرباری ئەو هەموو سەرچاوەی داهاتە، دەستەی کارگێڕی بە پاساوی قەیرانی دارایی چەند مانگێکە مووچەی یاریزانەکانی نەداوە! باشە من دەپرسم بۆچی بەقەد بەڕەکەتان پێتان رانەکێشا؟! بۆ زیاتر لەوە پارەیەتان مەسروفکردووە کە بۆتان دانراوە؟! کەوایە ئەو دەستەیە لەلایەنی کارگێڕی دارایش کەموکوڕی  هەبووەو بێ پلان بووە، بۆیە پێویستە لەو بارەدا پێداچوونەوە بکەن و وێڕای شەفافیەت لە کار، کەسانی شارەزاش لەو شوێنە دابنێن و بە بەرنامەو میکانیزمی زانستی کار بکەن، نەک ئەو شێوازە هەڕەمەکیەی کە دەتخاتە سەر ساجی عەلی! 
پیشەگەرەکان خاڵی لاوازی هەولێرن
راستی نازانم کێن ئەو کەسانەی کە یاریزانی پیشەگەر هەڵدەسەنگێنن و دەستنیشان دەکەن؟ چونکە خاڵی لاوازی هەولێر لەم وەرزەدا پیشەگەرەکانن، چەند ساڵێکە هەولێر پارەیەکی زۆر لەو یاریزانانە بەهەدەر دەدات، ئاخر پیشەگەر گەر ئاستی لە یاریزانەکانت بەرزتر نەبوو، نەیتوانی ئاستی هونەری تیپەکەت بەرز بکاتەوە، بۆچی دەبێ شوێنی یاریزانێکی کورد بگرێت کە کوڕی ئەمشارەیەو بە دڵسۆزی و بە پارەیەکی کەم لە پێناو لۆگۆی یانەکەدا دەجەنگێت؟! بۆیە پێویستە هەولێر لەو لایەنە پێداچوونەوە بکات، چونکە شەش پیشەگەر ژمارەیەکی زۆرە کە مافی هەر یانەیەکە لە تیپەکەیدا هەبێت، بێگومان گەر ئاست بەرزو لێهاتووبن، دەتوانن رکابەری بەدەستهێنانی نازناویشت بۆ بکەن. 
قەیرانی دارایی و رێگەچارەکانی بنبڕکردنی
نکۆڵی لەوە ناکرێ قەیرانی دارایی یەکێکە لەو گرفتانەی یانەکە بەهۆیەوە دەناڵێنێت، بەڵام پێویستبوو دەستەی کارگێڕی ئەو بابەتە بەر لە دەستپێکی خول یەکلابکاتەوە، بۆ ئەوەی خۆی و جەماوەرو تیپەکەش نەخاتە ئەو بارودۆخە، راستی تا یانەکان سەرچاوەی داراییان حکومەت بێ، ئەو گرفتە بەردەوامی دەبێ، چونکە هەر کاتێک حکومەت تووشی قەیران بێت، یانەکانیش راستەوخۆ ئیفلیج دەبن، بۆیە پێویستە دەستەی کارگێڕی وەک چۆن لە بانگەشەی هەڵبژاردن دروشمی خۆبژێوی یانەکەیان بەرزکردبۆوە، بەدوای بەڵێنەکەیاندا بچن و رێگە چارەکانی پارەدارکردنی یانەکە بدۆزنەوە، پێموایە زەوی یانەکە باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامبدرێت، هەروەها بە بڕوای من دەکرێ یانەکە بە سەرمایەدارێکی هەولێریش بدرێت، بەمەرجێک بتوانێ ژێرخانی یانەکە ببوژێنێتەوەو تیپەکەش بگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕین.