ئۆڵۆمپی كوردستان و گندۆرە!
PM:07:53:02/10/2023
3920 جار خوێندراوەتەوە
زاگرۆس نانەکەلى
+
-
لام سەیرنیە لە چلەی هاوین شێلم بخۆین و لە زستانیش ئایس كریم،گەر بە فەنتازییەت قسە بكەین،دەڵێن شێلمی فێنككەرەوە بەسەهۆڵمان هەیە و ئایس كریمی بەرئاگردانمان داهێناوە،تەنها لەبەر ئەوەی قسەی تۆ راست دەرنەچێ،بۆیە سەردەم سەردەمی ئەوەیە خوار بڵێ وبڕۆ رێی پۆست وپارە و پیاسە و پڵاو و پاڵەوانیەتی بێ پاڵەوان،گەر راستت گوت رێك بڕۆ رێی شێر و لەوێش بڕۆ ماڵەوە،چونكە راستی تاڵە و كەسیش ئامادەنیە لەپێناو جوانیەكان وسەركەوتنەكانی وڵات تاڵی بچێژێ.
(18) ساڵە لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لەدایكبووە،سەرەتای دامەزراندنی باشم لەبیرە هەموو دەیانگوت: ئەم لیژنەیە كورد دەگەێنتە لوتكەی كۆڕبەندی وەرزشی جیهانی،دەبێتە پێناسەی وەرزشی كوردی،ئێمە دەبێت ئەمڕۆژە بە رۆژێكی پڕشنگدار بزانین لە بزاڤی وەرزشی كوردی،كەچی ئێستا لێی هەڵگەڕاینەوە بە زیادی دەزانن!.
دواتر دابەشكردنی پۆست و پارە و پیاسە و ئۆتۆمبێلی گران بەها و موچە و نەسیرییەی باش و چالاكی زۆر و دابەشكردنی میدال و جامی فافۆن بە جوملە!،گەر بشپرسین لەماوەی ئەم (18) ساڵە یاریزانێكتان بۆ كێبڕكێیەكانی ئۆڵۆمپی جیهان ناردووە؟ نەخێرە یان بەڵێ وڵامەكەی؟!،فێرگەیەك و ڕاستاڵێكی وەرزشیتان دروستكرد؟ بێگومان نەخێر،تەنانەت لەسەردەمی خێر وبەرەكەت نەتان توانی بارەگایەك بۆ خۆتان دروست بكەن ولە دەردی كرێچەیەتی رزگارتان بێت،(كەچی دەڵێن بزن بۆ یەك شەو ماڵی بۆ خۆی خۆش دەكات) ،دواتر بۆ خۆتان وخەڵكیشتان روون نەكردەوە دوو ئۆڵۆمپی لە وڵاتێك و هەرێمێك جائیزە یان بدعەیە!.
بڕوا بكەن من نەمگوتووە ئۆڵۆمپی كوردستان زیادەیە وزیانبەخشە،نەم گوتووەش لوتكەی وەرزشی كوردییە،هەرخۆتان ئەمەتان لەلێدوانەكانی كەناڵەكانی راگەیاندن گوتووە وبڕۆنەوە سەر ئەرشیفی ئۆڵۆمپی كوردستان و هی خۆتان،ئێستا سەردەمی خۆتان گوتەنی خێر بەرەكەت رۆیشت و سەردەمەكانی داعش و قەیران و كێشە و قات و قوڕی دەستی پێكردووە و ئۆڵۆمپی كوردستانیش لە چاودێری چڕە و تەنها ماوە دڵە پڕ لە خۆشیەكانی سەردەمی خۆی بوەستێ و ماڵئاوایی لەداخی ئێستای ئیفلیجی بكات،داخەكەم ئۆڵۆمپی كوردستانیش وجاغ كوێر بوو وكەسیش نیە لەدوای بگری،چونكە عانەی نەما!.
لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان نیوەی باوەڕی پێیە ونیوەكەی تر نەخێر،لە هەردوو نیوەكە سوودمەندی باش هەبوو،لە كۆبوونەوەكانی ئۆڵۆمپی كوردستان فریشتەن وبڕوایان پێیە،لەدەرەوەی ئۆڵۆمپیش بە شتێكی زیاد و زیانبەخشی دەزانن!لە هەردوو نیوەكەش تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت ئۆڵۆمپی و كوردایەتییان تێكەڵكردووە!،ئۆڵۆمپی بەغداش لەگەڵ ئەوانەیە ڤۆڵتیە وكوالێتی شۆڕشگێرییان دابەزیوە ولەدوای بەژەوەندی خۆیانن،بۆ میوانداریش هەردوو نیوەكە فەرشی سووریان بۆ رادەخەن و لەهەردوو نیوەكەش لێدوانیان جیاوازە! و چونكەئێمە لەگەڵ یەك جیاوازین!.
لەهەولێرێ پەندێكی كوردی هەیە دەڵێ : هەتا گندۆر گندۆر بوو خزممان گەلەك زۆر بوو،گندۆر هاتە بڕانێ خزم هاتە قڕانێ!، ئێستا گندۆر نەما،ئیتر یەكتر دەكەین بە نیشانەی كوێرانە،ئۆڵۆمپی كوردستانیش دوای ئەم (18) ساڵە خۆتان زیندەبەچاڵتان كرد و خۆشتان لێ بێ ساحێب كرد،تەمەننام دەكرد لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان تەنها بۆ (5) خولەك زمانی هەبوایە قسە بكات!،چونكە ئەم (18) ساڵەی ئۆڵۆمپی كوردستان یان خۆڵتان لەچاوی خەڵك كردووە وئۆڵۆمپی تەنها ناوبووە،یاخود دەتانەوێ شتێكی تر لە بری ئۆڵۆمپی كوردستان بێنە كایەوە وبەداهێنان و زیریەكی دەستكرد ناوی ببەن،تا بەشێوازێكی سەردەم بیدۆشن،یانیش ئۆڵۆمپی كوردستان بوونی گرنگ بووە و خەڵكانێك كار بۆ تێكدانی دەكات.
لەكۆتایی دەپرسم لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان گەر لەسەرەتا نەبوایە چی دەبوو،ئێستا كە (18) ساڵە هەیە چی بووە؟!.
دوو تێبینی : 1-لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان 2006دامەزراوە 2- گندۆرە واتە كاڵەك.