ئێمەو ئەوان لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا!

PM:12:28:10/01/2024
6792 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

ئاراس رواندزی

زۆربەمان بیرمانە لە ساڵانی پێشوو شاری هەولێر بە پایتەختی وەرزشی کوردستان و عیراق دەهاتە ئەژمارکردن، لەو کاتەدا یاریگای فڕانسۆ هەریری وەک ترافیکی هەڵبژاردەو یانە جیاوازەکانی عیراق بوو، چەند یانەیەک دەهاتن و چەند تیپێک دەچوون، ساڵانەش پایتەخت میوانداری خول و پاڵەوانێتیەکی نێودەوڵەتی دەکرد، بەم هۆیەشەوە بەرپرسانی وەرزشی هەرێم لەبەردەم مایکەکان و لە کۆنگرەو کۆنفڕانسەکاندا شانازیەکی زۆریان بە ژێرخانی وەرزشی و ئەو نیمچە یاریگا نێودەوڵەتیەی هەولێر دەکرد!

لە راستیدا ئەوکات ئێمە چەندین هەنگاو لەپێش عیراق بووین، ئەوان جگە لەوەی ژێرخانی وەرزشیان وێران بوو، لە ڕووی ئەمنیشەوە زۆر پەرێشان بوون و رۆژانە دەیان تەقینەوە بەغداو شارەکانی دیکەی دەهەژاند، بۆیە سەختبوو بتوانن نەک لە ناوچەکانی خۆیان، بگرە لە زۆنی سەوزی بەغداش یارییەک بەڕێوە ببەن!

لەولاشەوە هەولێر لەلایەن فیدراسیۆنی ئاسیاو فیفا ڕێگەپێدراو بوو، یانەو هەڵبژاردەکان بێ هیچ کێشەو گرفتێک دەهاتن و دەرۆیشتنەوە، عیراقیش جگە لە بژاردەی کوردستان، هیچ ڕێگەو چارەیەکی دیکەی نەبوو.

ئەوسا لە چەند بۆنەو نووسینێکدا داوام لە بەرپرسانی وەرزشی کرد کە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوەو هەوڵ بۆ بنیاتنانی شارێکی وەرزشی بدەن، چونکە دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام نابێت، لێ ئەوان نەک گوێیان نەگرت، بگرە وێنەیەکی ئەفسووناویان لای بەرپرسانی حکومەت نەخشاند بوو، بەشێوەیەک کورتبین بوون، هەرگیز باوەڕیان نەدەکرد رۆژگارێک دێ دۆخەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە!

ئێستا دوای نزیک بیست ساڵ عیراق خاوەن دەیان یاریگای نێودەوڵەتیە، هیچ شارێک نیە ستادیۆمێکی مۆدێرنی تێدا بنیاتنەنرابێ، هەڵبژاردەکەشی بێ هیچ کێشەیەک لە بەسڕە یاری ئەنجامدەدات و زۆر بە ئاسایش خول و پاڵەوانێتی لەباوەش دەگرێت، تەنانەت خولەکەشیان بەهاوکاری لالیگای ئیسپانیا بەرەو پیشەگەربوون و پێشڤەچوون هەنگاو دەنێت، یانەکانیشیان لەسەر ئاستی ئاسیا رکابەری دەکەن، ئێمەش دوای ئەو هەموو ساڵە هەر لە شوێنێ خۆمان چەقیوین و ئەو یاریگایەشی کە ساڵانێک پۆزمان پێی لێدەدا، ئێستا لای ئەوان مایەی گاڵتەو توانج لێدانە! تیپە کوردستانیەکانیش کە ساڵانێک دەستیان بەسەر قەڵغانی خولەکەدا گرتبوو، ئێستا شەڕی مانەوە دەکەن! هەر بەڕاست دەزانن ئێستا هەولێری پایتەخت هیچ هۆڵێکی داخراوی وەرزشی نیە؟!!!

ئەم هاوکێشەیەی سەرەوە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە لە کوردستان کەسی شیاو لە شوێنی شیاو نەبووە، جگە لەوە تا ئێستاش وەرزش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەڕێوەدەچێت و هیچ پلان و میکانیزمێکی زانستی و درێژخایەن بۆ پێشڤەچوونی سەرخان و ژێرخانی وەرزش دانەڕێژراوە، هەرچی حکومەتیشە بەگشتی دیدێکی نەرێنی بۆ کایەکە هەیە، بۆیە هەرێمەکەمان رۆژ دوای رۆژ لە کاروانی پێشکەوتن دادەبڕێت و بەراورد بە عیراق و ناوچەکە زیاترو زیاتر دوا دەکەوێت!