بەردی گەورە نیشانەی نەهاوێشتنە!

PM:05:27:27/11/2023
1720 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

یانەی هەولێر کە ساڵانێک ئیمپڕاتۆرو پاشای تۆپی پێی عیراق بوو، ئێستا بۆتە جێگای بەزەیی جەماوەری وەرزشی شارەکەو تەنانەت کوردستان و عیراقیش، تیپەکە لە رووی ئاست و ئەنجام و باری دارایدا بەقۆناغێکی دژواردا گوزەر دەکات، بۆیە پێویستە بەر لەوەی کار لەکار بترازێ و دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچێ، دەستەی کارگێڕی وەڵامی هۆکارەکانی گەیشتن بەو دەرەنجامە نائومێدکەرە بدەنەوەو میکامیزم و چارەسەری خێراش بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بدۆزنەوە.

بیرمە لەسەرو بەندی هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگێڕی، کوتلەی براوە کە ئێستا سەرپەرشتی و ڕابەرایەتی یانەکە دەکەن، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەولێر دەگەیەننە ئاستێک کە لە رووی داراییەوە پێویستیان بە هیچ لایەنێک نەبێ، بگرە لەوەش زیاتر دەیانگوت بەهۆی باجدانەوە حکومەتیش لێمان سوودمەند دەبێت!

کەوایە ئێستا جەماوەر مافی خۆیەتی بپرسێ ئەو هەموو بەڵێن و قسە باق و بریقانە بۆ کوێ چوون؟!

خۆ ئێوە ئێستا مووچەی یاریزانانیشتیان پێنادرێ!

بیرمان نەچێ یانەکەی پایتەخت خاوەن مۆڵیکی گەورەیەو کرێی چەندین دوکانی چواردەوری یاریگەش وەردەگرێ، وێڕای ئەوەی ئەو یارییانەی لە فرانسۆ هەریریش بەڕێوەدەچن، بەهۆی تکتەوە داهاتێکی باش بەدەست دێت، هەروەها ساڵانەش بەهۆی سپۆنسەریکردن گوژمەیەک پارە لە کۆڕەک تیلیکۆم وەردەگرن، هەرچی پارێزگارو حکومەتیشە بەشێوازو گوژمەی جیاواز پشتیوانی دارایی یانەکە دەکەن، لێ تا ئێستا ئەو دەستەیە شەفافانە خەرجی و سەرچاوەکانی داهاتی یانەکەیان بۆ رای گشتی و جەماوەری وەرزشی ئاشکرا نەکردووە!

ئەو بێدەنگیەتان گومان هەڵدەگرێت!

وێڕای خراپی دۆخی یانەکە لە ڕووی دارایی و ئاست و ئەنجام، سەرباری توڕەیی جەماوەر کە بە گەرماو سەرما خەمخۆرانە یاریگا پڕ دەکەن، کەچی تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی یانەکە بوێری ئەوەی نەکردووە دوو قسە لەسەر قەیرانی دارایی و هۆکارەکانی ئەو ئەنجامە خراپانە بکات!

کەوایە لەنێو دەستەی کارگێڕیش هیچ رێگە چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بەردەست نیەو ئەوانیش هاوشێوەی جەماوەر تەماشاکەری دۆخە کارەساتبارەکەن!

گیرفانی بەتاڵ و فەلافل خواردن! ئاشکرایە یاریزانەکان لەماوەی پەیوەندیکردنیان بە یانەکە، تا ئێستا یەک مووچەیان وەرگرتووە، بە پێچەوانەوە یانە هەیە چوار جار مووچەی بە یاریزانەکانی داوە، گلەیی و هاواری یاریزانەکان گەیشتۆتە میدیاو بەشێکی زۆریشیان لە بێ پارەیی قەرز لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیان دەکەن، تەنانەت لەبەر خراپی باری داراییان بەشێک لە ژەمەکانیان بۆتە فەلافل خواردن!

باشە کە نەتان دەتوانی مووچەی یاریزانەکان بدەن و بەرچاوتان روون نەبوو، بۆ خۆتان خستە ژێر باری ئەو ئەرکە قورسە؟ بۆ ئەو هەموو پارەتان لە کەمپە بێ سوودەکەی تورکیا سەرفکرد؟! من نازانم بۆ بەرپرسانی یانە وەرزشیەکان تێناگەن کە یاریکردنی یاریزانیش پیشەیەکە هاوشێوەی کایەکانی دیکە، ئەویش ئامانجی بەدەستهێنانی داهاتێکە بۆ ئەوەی خۆی و خانەوادەکەی سەربەرزانە بژینێ، بۆیە ناکرێ تۆ لەو مافە بێبەشی بکەی و هیچ وەڵامێکیشت بۆ پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانی نەبێت، ئینجا چاویشت لەوەبێ لەنێو یاریگە وەک شێر بۆت ڕابکات!

وەفای هاندەران باوەڕپێنەکراوە!

دەتوانم بڵێم بە درێژایی مێژوویی یانەکە هیچ کات جەماوەری هەولێر هاوشێوەی ئەو دوو ساڵە پشتیوانی تیپەکەی نەبووە، رکابەر لەهەر ئاستێکدا بووبێت، هاندەران درێخیان نەکردووەو یاریگەیان پڕکردووە، پارساڵیش هۆکاری هەڵسانەوەی یانەکەی پایتەخت هەر جەماوەرە بەوەفاکانی بوون، لەکاتێکدا تیپەکەی پایتەخت خەریکبوو دەکەوت، لێ هاندەرە دڵسۆزەکانی وەک قەڵا هاتنە پشتیوانی و جارێکی دیکە رووحیان بۆ جەستە مردووەکەی یانە گەڕاندەو.

ئەمساڵیش سەرباری خراپی ئەنجامەکان و کێشەی دارایی، لە پشتیوانی و هاندانی تیپەکەیان نەوەستاون، بۆیە ئەوان کە خاوەنی راستەقینەی یانەکەن، مافی خۆیانە وەڵامی پرسیارەکان و هۆکارەکانی ئەو ئەنجامانە نەرێنیانەیان دەستکەوێ و داوای باشترکردنی بکەن، چونکە هەولێر ناوێکی گەورەیەو مێژووێکی پڕشنگداری هەیە، ناکرێ شکۆو ناوی ئەو یانەیە کە نوێنەرایەتی هەموو کوردستان دەکات، بەو شێوەیە لەکەدار بکرێ.

کێ دەبێتە فریادرەس؟!

لە ئێستادا یانەکە دەتوانێ تەنها لە دەرگای پارێزگاری هەولێرو حکومەت بدات، چونکە هیچ دەرچەیەکی دیکە نابینرێ بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە تا ئەندازەیەک باری لاسەنگی داراییان ڕاست بکەنەوە، بۆیە پێویستە پارێزگاری هەولێر کە خۆی بە خەمخۆری یانەکە دەزانێ، بە زوویی بێتە مەیدان و میکانیزمێکی خێراو چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە، چونکە لە ئەگەری تۆمارکردنی تەنها یەک سکاڵای یاریزانان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێ، رەنگە هەولێر تووشی کێشەو گرفتی زۆر بکاتەوە، جیا لەوە بایکۆتی یاریزانانیش ئەگەرێکی کراوەیەو گەر بە زوویی بەشێک لە شایستەکانیان پێنەدرێت، رەنگە رووبدات، بۆیە ناکرێ تۆ لە سەرەتای رێگادا بیت و بتەوێ شەمەندەفەرە بێ سووتەمەنیەکەت تا دوا وێستگە لێبخوڕی! هیوادارم ئیمپڕاتۆریەتەکەی هەولێر جارێکی دیکە تەختی مەملەکەتی تۆپی پێی عیراق داگیر بکاتەوەو تاجی پاشایەتی بکاتەوە سەری قەڵا دێرینەکەی، چونکە هاندەرانی هەولێری پایتەخت شایستەی ئەوەن و ڕاهاتوون کە تیپێکی تۆقێنەرو رکابەریان هەبێت، نەک لاوازو چۆکداداو بەدەست ئەو یانانەی رۆژگارێک لەبەرامبەریدا خەونیان بە خاڵێک یاخود کەمترین هەژانی تۆڕی گۆڵەکەیان دەدیت!