ڤاریش پێویستی بە ڤارە!

PM:02:15:10/12/2023
2848 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

خولی تۆپی پێی عیراق ئەمساڵ بە شێوازو فۆڕمێکی جیاواز خۆی نواندووە، هەر بۆیەش بە لیگی ئەستێرەکان ناودێر کراوە، یەکەمین جاریشە ڤار تێیدا بەکاربهێنرێت، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا گرنگەی کە هەموو جیهان لە سایەی ساوەتەوە، ئاساییە بڵێین لە عیراق ڤاریش پێویستی بە ڤارە!

دوای حەفت گەر لە رکابەرییەکانی خولی عیراق، ئێستا دەتوانم بڵێم ڤار لە پای دادپەروەری، نادادیەکی زۆری بەرهەمهێناوە، بە ڕۆژی ڕووناک ستەم لە یانە کوردستانیەکان دەکرێ، بە پێچەوانەوە بۆ یانە جەماوەرییەکانی بەغدا هاوکارێکی باشەو بۆتە مایەی سەرکەوتن و چنینەوەی خاڵ!

بەڕاستی سەیرە هەموو حاڵەتێکی گوماناوی دژی یانە کوردستانیەکان ناوبژیوان خێرا دەچێتەوە ڤار، خۆشیەکەشی ئەوەیە کەهەموو بڕیارەکان لە بەرژەوەندی یانەی رکابەر تەواو دەبێت!

بە پێچەوانەوە یانە کوردییەکان ئەو دەرفەتەیان پێنادرێت و بەهۆی نەگەڕانەوە بۆ ڤار، لە چەندین لێدانی سزا بێبەشکراون و چەندین حاڵەتی گوماناوی و کارتی سووریش بە بێدەنگی تێپەڕیوە!

هەڵەکان لە گەڕەکانی کۆتایی زیاتر و زەقتر بوونە، لە یارییەکەی هەولێر بەرامبەر تەڵەبە لێدانێکی سزای دروست بۆ یانەکەی پایتەخت هەبوو، ناوبژیوان بۆ ڤار نەگەڕایەوە، هەروەها یاری زەوڕا دهۆک داوەر ستەمێکی زۆری لە بازەکانی چیا کرد، لێدانێکی سزای نادروستی لەسەر ئەژمار کردن کە کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر ئەنجامی کۆتایی یارییەکە دروست کرد، دیارە نەورۆزو زاخۆش بەهەمان شێوە هاواریان لێهەڵساوە و لە چەندین یاری ڤار ئەوانیشی هاڕیوە.

ئەوەی لای من جێگەی نیگەرانی قوڵە، هەستکردنمە بەوەی کە هەڵەکان بە ئەنقەست و بە مەبەست ئەنجامدەدرێن، نایشارمەوە هەستێکی زۆر شوۆڤێنی لە بەغدا بوونی هەیە نایانەوێ کوردستان لە هیچ شتێکدا سەرکەوتووبێ، بە پلان و بەرنامە هەوڵ بۆ لاوازکردنی پێگەی یانە کوردستانیەکان دەدەن، سەرباری ئەوەی ئاستی هەر چوار نوێنەرەکەی کوردستان وەک پێویستیش نیە.

بۆیە پێویستە هەر چوار نوێنەرەکەی کوردستان هەماهەنگ و یەکدەنگبن و بەپەلە دژی ئەو ستەم و نادادیەی بە ناوی ڤار دەکرێ، هەڵوێست بنوێنن و لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە هۆشداری تووند بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق بدەن، چونکە لەبەردەوامی کارکردنی ڤار بەو شێوەیە، بە دووری نازانم ئەمساڵ زیاتر لە یانەیەکی کوردستان ماڵئاوایی لە خولی بەناو ئەستێرەکان بکات!