کانگای زێڕمان هەیە، کەچی کڕیاری زێڕینگەرین!
PM:02:33:19/08/2024
1144 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+
-
ئاراس رواندزی
ئاشکرایە یەکێک لە پێوەرو بناغەکانی وەرزشێکی سەرکەوتوو کە لێرەدا من زیاتر مەبەستم تۆپی پێیە، بناغەیەکی پتەوە کە پایەکانی لە ژێرخانێکی سەردەمیانەو بوونی فێرگەی پێگەیاندن و چەند کەرەستەیەکی دیکەی زانستی پێکدێت.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر، کاریگەری و رەنگدانەوەی پاڵەوانبوونی لاوانی هەولێرو پێشمەرگەی سلێمانیە لەمەودای چەند ساڵی داهاتوو، بەدەستهێنانی نازناوی خولی عیراق بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لایەن هەردوو یانە کوردستانیەکە، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە لە هەرێمە کوردیەکەی ئێمە لاوی بەهرەدارو بەتوانامان زۆرەو دەتوانن شانازی و دەسکەوتی گەورە بەدەستبێنن، بەڵام مایەی نیگەرانی و داخێکی گەورەیە کە درەوشانەوەی ئەستێرەی ئەو لاوانە تا قۆناغێکەو لە پڕ رووناکیەکەیان خامۆش دەبێ!
تا ئێستاش سەر لەو مەتەڵە دەرناکەم، بۆچی کوڕانی ئێمە لە ئاستەکانی تازەپێگەیشتوان و لاوان دەدرەوشێنەوەو نازناوی گەورە بەدەستدێنن، لێ کاتێک تیپ بۆ ئاستی پێشکەوتووان ئامادە دەکرێت، پشتیان پێ نابەسترێت و فەرامۆش دەکرێن؟! ئاخر کاکی سەرۆک یانەو دەستەی کارگێڕی فلان و راهێنەری هیچ لەبار نەبوو، بۆ پەرە بە بەهرەی ئەو لاوانە نادەن و متمانەیان پێنابەخشن، خۆ ئێوە لە ریاڵ و بارسا لێزانتر نین کاتێک بە یاریزانی شازدە ساڵی یاری دەکەن، لامین یاماڵی ئەستێرەی درەوشاوەی بارسا دیارترین نمونەی دەرفەتدان و درەوشانەوەی یاریزانی لاوە.
من دڵنیام گەر تیپە کوردستانیەکان پێکهاتەیەک لەو لاوانە دروست بکەن و پێنج پیشەگەری نایابیان بخەنە پاڵ، بۆ چەند ساڵی کەمی ئایندە دەسکەوتی گەورە وەچنگ دەخەن، پاڵەوانبوون و دەسکەوتەکانی ئەو چەند ساڵەی جەویەو شوڕتەو زەوڕاش هەر لەسەر دەستی ئەو گەنجانە بووە کە بەر لە چەند ساڵێک لە تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان یاریان کردووە.
بۆیە من بە پێویستی دەزانم یانەکانی کوردستان بەو سیاسەت و شێوازە کلاسیکیەی کاریاندا بچنەوەو ستراتیژێکی نوێ بۆ ئایندەیان دابڕێژنەوە، داڕشتنی پلانێکی زانستی بۆ درێژەدانی کاروانی لاوانمان لە ئاستەکانی باڵاتر، یەکێکە لە پایە گرنگەکانی سەرکەوتن کە بەهۆیەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ تیپێکی تۆکمەو تۆقێنەرت بۆ ساز دەکات، تکایە واز گرێبەستی خەیاڵی و گوماناوی بهێنن و چیتر گەنج و لاوانمان بێ ئومێد مەکەن، راستی تاوانێکی مەزنی نیشتیمانیە تۆ خاوەن کانگای زێڕ بیت، کەچی کڕیاری زێڕینگر بیت!