PM:07:06:23/03/2026
164 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەرشەلۆنە دەیەوێت گرێبەستی کانسیلۆ بکات بە هەمیشەیی بەڵام
مەرجی قورسی بۆ داناوە.
هانس فلیکی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە گڵۆپی سەوزی بۆ
مانەوەی جواو کانسێلۆ لە هاوینی داهاتوودا هەڵکردووە دوای ئەوەی ئەم بەرگریکارە
پورتوگالییە لە زستانی رابردوو بە شێوەی خواستن لە یانەی هیلالی سعوودییەوە
گەڕایەوە ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە و توانی بەهۆی توانای یاریکردنی لە چەند
پۆستێکی جیاوازدا سەرنجی ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە رابکێشێت.
فلیک پێی وایە کانسێلۆ جگە لە پێشکەشکردنی چارەسەری
هێرشبەری گرنگ دەتوانێت ئاستی بەرگری یانەکەش باشتر بکات بەتایبەت کە لە ئێستادا
بەهۆی پێکانەکەی ئەلێخاندرۆ بالدییەوە لە باڵی چەپدا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و
ئەمەش وای کردووە ببێتە بژاردەیەکی دڵخوازی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەش.
بەپێی راپۆرتەکانی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی یانەی بەرشەلۆنە
مەرجێکی قورسی بۆ مانەوەی کانسێلۆ داناوە کە ئەویش گواستنەوەیەتی بە شێوەی بە
خۆڕایی لە کاتێکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلال تا هاوینی 2027 بەردەوامە و یانە
سعوودییەکە لە ساڵی 2024دا بڕی 25 ملیۆن یۆرۆی بۆ کڕینی لە مانچستەر سیتی خەرج
کردووە.
ئێستا ئەرکی خۆرخی مێندێزی بریکاری یاریزانەکەیە کە لەگەڵ
یانەی هیلال بگاتە ڕێککەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی و هەروەها ڕازیبونی کانسێلۆ
بە کەمکردنەوەی مووچەکەی کە لە سعوودیە ساڵانە زیاتر لە 12 ملیۆن یۆرۆیە تاوەکو
لەگەڵ سیاسەتی دارایی بەرشەلۆنە بگونجێت و لە بەرامبەر ئەم قوربانییانەدا یانە
کەتەلۆنییەکە ئامادەیە گرێبەستێکی دوو ساڵە پێشکەشی ئەم یاریزانە تەمەن 31 ساڵە
بکات.