ریاڵ مەدرید بە داواکارییەکانی کۆناتێ شۆک بووە

AM:12:03:24/03/2026

356 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید بە داواکارییەکانی کۆناتێ شۆک بووە و لیڤەرپولیش کاتی بۆ یاریزانەکە دیاریکردووە بۆ بڕیاردان.

گفتوگۆکانی گواستنەوەی ئیبراهیما کۆناتێی بەرگریکاری فەڕەنسی بۆ ڕیزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید تووشی کۆسپێکی گەورە بووە و پڕۆسەکە بەرەو ئاراستەیەکی نادیار ڕۆشتووە دوای ئەوەی داواکارییە داراییەکانی ئەم یاریزانە تەمەن 26 ساڵە بەرپرسانی یانە مەدریدییەکەی شۆک کرد.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕاڵ نوێنەرانی کۆناتێ داوای مووچەیەکی هەفتانەیان کردووە کە دەگاتە 200 هەزار پاوەند بۆ ماوەی پێنج ساڵ و هەروەها داوای پاداشتی واژۆکردنی گرێبەستێکیان کردووە کە بڕەکەی لە نێوان 15 بۆ 18 ملیۆن یۆرۆدایە بەو پێیەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول تەنیا 100 ڕۆژی ماوە و لە هاویندا دەبێتە یاریزانێکی ئازاد.

ئەم داواکارییانە کە تێچووی گشتی گواستنەوەکە تا ساڵی 2031 دەگەیەنێتە نزیکەی 78 ملیۆن یۆرۆ وای کردووە کارگێڕی ریاڵ مەدرید دووبارە بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەنتۆنیۆ ڕودیگەر بکەنەوە وەک بژاردەیەکی ئابووریتر لە جیاتی کڕینی کۆناتێ.

لە لایەکی ترەوە یانەی لیڤەرپوول دەیەوێت سوود لەم ساردبوونەوەیەی ڕیاڵ مەدرید وەربگرێت بۆ هێشتنەوەی بەرگریکارە فەڕەنسییەکەی لە قەڵای ئەنفێڵد و گەورەترین ئۆفەری دارایی لە کاروانی وەرزشی یاریزانەکەدا پێشکەش کردووە تاوەکو ڕازی بکات بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

یانە ئینگلیزییەکە تەنیا 13 ڕۆژ مۆڵەتی بۆ کۆناتێ دیاری کردووە تاوەکو وەڵامی کۆتایی بداتەوە و دۆخی هێڵی بەرگری یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو ڕوون ببێتەوە.