پێرێزی هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ڤینیسیۆسە

PM:10:38:23/03/2026

308 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پێرێزی هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ڤینیسیۆسە و یاریزانەکەش نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستوەردانی کردووە بۆ پشتگیریکردنی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەڕازیلی یانەکە دوای ئەوەی ناوبراو ماوەیەک بە قۆناغێکی سەختی پاشەکشەی ئاست و گومان لەسەر داهاتووی تێپەڕی.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی گەڕانەوەی ڤینیسیۆس بۆ ئاستی ڕاستەقینەی خۆی بە شێوەیەکی پلەبەندی بووە لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر کە توانیویەتی متمانەی تەواو بەو یاریزانە ببەخشێتەوە.

ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە یاریزانە بەڕازیلییەکە لە کۆتایی ساڵی 2024دا بەهۆی لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ ڕۆدری و ڕۆشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی تووشی بێ ئومێدی ببوو و کاریگەری لەسەر ئاستی دروست کردبوو بەڵام ئێستا دووبارە بووەتەوە بەو یاریزانە یەکلاکەرەوەیەی کە هاندەران دەیناسن.

پشتگیرییەکانی پێرێز لە ڕێگەی نامەی بەردەوام و کۆبوونەوەی تایبەت لە ناوەندی مەشقی ڤاڵدێبێباس بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ورەی ڤینیسیۆس و ئامارەکانیشی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن چونکە لە دواین شەش یاری چامپیۆنز لیگدا توانیویەتی پێنج گۆڵ تۆمار بکات و سێ ئەسیستیش بکات لە کاتێکدا لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆدا ئاستی زۆر لەوە کەمتر بوو.

لە ئێستادا کۆی بەشدارییەکانی ئەم وەرزەی گەیشتووەتە 17 گۆڵ و 12 ئەسیست و ئەم درەوشانەوەیە وای کردووە کارگێڕی ڕیاڵ مەدرید زیاتر لە هەموو کاتێک نزیک بن لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی کە لە ساڵی 2027 کۆتایی دێت تاوەکو وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یانەکە بۆ داهاتوو بیهێڵنەوە.