PM:08:16:24/03/2026
168 جار خوێندراوەتەوە
+
-
نێیمار و ئەنچیلۆتی؛ بەڵێنێکی شکاو یان پشوویەکی جیاواز؟
ئەستێرەی بەڕازیلی نێیمار دا سیلڤا جارێکی تر بووەوە بە سەردێڕی گەرمی میدیا وەرزشییەکان، بەڵام ئەمجارە نەک بەهۆی درەوشانەوەی لەناو یاریگا، بەڵکو بەهۆی یارینەکردن و شێوازی ژیانی لە دەرەوەی لاکێشەی سەوز کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
نێیمار لە کۆتا یاری یانەکەیدا بە فەرمی بە بیانووی بەڕێوەبردنی باری جەستەیی و پشوودان یاری نەکرد، بەڵام تۆڕی ئار ئێم سی فەڕەنسی ئاشکرای کردووە کە یاریزانەکە لەو ماوەیەی کە دەبوو پشوو بدات، زیاتر لە ڕۆژێکی تەواوی بە دیار یاری پۆکەرەوە بەسەر بردووە، ئەمەش پرسیاری جدی لای میدیاکان دروست کردووە کە چۆن یاریزانێک پێویستی بە پشووی جەستەیی بێت و کەچی کاتەکانی بە چالاکییەک بەسەر ببات کە ماندوێتییەکی مێشکی زۆری دەوێت.
ئەم ڕەفتارەی نێیمار تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بەڵێنی دابوو هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی سەرنجی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل ڕابکێشێت و بگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سیلێساو لە مانگی ئایاری داهاتوودا، بەتایبەت دوای ئەوەی لە لیستی یارییەکانی ئەم مانگەی بەڕازیل بەرامبەر فەڕەنسا و کرواتیا دوورخرابووەوە.
تاوەکو ئێستا نە یانەی سانتۆس و نە خودی یاریزانەکە هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر ئەم جیاوازییە زەقەی نێوان پشووی جەستەیی و مانەوەی درێژخایەن لە یاری پۆکەر نەداوە، ئەمەش وایکردووە گومانەکان لەسەر داهاتووی نێیمار لەژێر سەرپەرشتی ئەنچیلۆتی زیاتر ببن.
چاوەکان ئێستا لەسەر بڕیاری داهاتووی ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکەیە کە ئایا ئەم جۆرە ڕەفتارانە وەک ئازادی کەسی دەبینێت یان وەک شکاندنی ئەو بەڵێنەی کە نێیمار بۆ گەڕانەوەی بۆ لوتکە دابووی.