سەردێڕ:

سکرتێری ناتۆ: لە ئامادەباشیداین بۆ هەر جوڵەیەک

PM:09:23:22/02/2022

3568 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی روسیا رەزامەندی لەسەر داوای پوتین بۆ ناردنی هێز بۆ دۆنباس راگەیاند، سکرتێری گشتی ناتۆش دەڵێت، "هێزەکانمان لە ئەوروپا لە ئامادەباشیدان بۆ هەر جوڵەیەک."


یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە روسیا پلانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە دژی ئۆکرانیا هەیە، وتیشی، "هێزەکانمان لە ئەوروپا لە ئامادەباشیدان بۆ هەر جوڵەیەک."

باسی لەوەشکرد، "رێز لە یەکپارچەیی و ئارامی ئۆکرانیا دەگرین و پشگیری سیاسی و ماددی ئۆکرانیا دەکەین"، دەشڵێت، هاوپەیمانان هاوکاری زیاتر دەگەیەننە ئۆکرانیا لە کاتی پێویستدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشوازی لە هەموو ئەو سزایانە دەکەین کە وڵاتان بەسەر روسیادا سەپاندوویانە."

ئەوەشی خستەروو، روسیا هێزەکانی بەرەو سنوری هەرێمی دۆنباس جوڵاندووە و داواشی لە روسیا کرد پاشەکشە بکات و بە دوای رێگەچارەیەکی دیپلۆماسیدا بگەڕێت بۆ چارەسەری قەیرانەکان.

لای خۆشییەوە، پەرلەمانی روسیا رەزامەندی لەسەر داوای پوتین بۆ ناردنی هێز بۆ دۆنباس راگەیاند.

دوێنێ پوتین بڕیاری سەربەخۆبوونی ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا راگەیاند، دوابەدوای ئەوە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و نەتەوەیەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی بڕیارەکەی پوتینیان کرد و سەرۆکی ئۆکرانیاش دەڵێت، وڵات بۆ کەس چۆڵناکەن.

ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە روسی قسە دەکەن و ژمارەی دانیشتوانەکەیان نزیکەی سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسن و لە ساڵی ٢٠١٤وە داوای جیابوونەوە دەکەن لە ئۆکرانیا.

ئێوارەی ئەمڕۆش، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، باشترین بڕیار کە ئۆکرانیا دەبێت بیدا دەست هەڵگرتنە لە چوونە ناو ناتۆ، وتیشی، "مۆسکۆ بەردەوام داوای ئەوەی کردوە قەیرانی ئۆکرانیا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام مۆسکۆ هێز بەکاردێنێت ئەگەر پێویست بکات."













گەلەری