سبەی لە سلێمانی دەوامی قوتابخانەکانە و دەبێت کاتژمێر هەشتی بەیانی خوێندکار و مامۆستا لە قوتابخانە ئامادەبن، ئەمە کۆتا قسە و داوای پەروەردەکانە کە دوای دوو مانگ بایکۆتی مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە دواجار بەبێ جێبەجێکردنی هێچ کام لە داواکارییەکانیان لەژێر فشاری یەکێتیدا بایکۆت دەشکێنن و سبەی دەبێت دەست بە دەوام بکرێتەوە.
وەک چۆن پێشتر ئێن ئارتی ئاشکرایکردبوو، یەکێتی لەڕێگای مەڵبەندەوە فشار لە مامۆستایان دەکات دەبێت بایکۆت بکشێنن و بچنەوە قوتابخانەکان.
وەک چۆن ساڵانی پێشوو یەکێتی هەمووجارێک
نارەزایەتی و بایکۆتی مامۆستایانی بەکاردەهێنا و بەهۆیەوە ماوەی ١٠ ساڵە هەموو
ساڵێک خوێندن لە سلێمانی چەند مانگێک دەفەوتێنێت و دواتر بەرامبەر چەند دەستکەوتێک
لە پارتی بە فشار بایکۆت دەشکێنێت بە مامۆستایان و دەڵێت دەوام دەستپێبکنەوە.
لە بارەی دەوامی مامۆستایانەوە، سبەی هەر ١١
پەروەردەکەی سنووری سلێمانی مامۆستایانیان لە دەوام ئاگادارکردووەتەوە و بە
بەڕێوەبەرەکانیان وتووە خوێندکاران ئامادەبن.
لەبارەی ئەگەری پشوو و ڕاگرتنی دەوامیش
بەهۆی بەفر وسەرماوە، چاوگێک لە پەروەردەی گشتی سلێمانی رایگەیاند، تائێستا هەموو
بڕیارەکان ئەوەیە کە سبەی دەوامە و لە حاڵەتی پێویست بۆ ناوچە ساردەکانی وەک
پێنجوێن یان شارباژێر یان سەنتەری سلێمانی یەکە ئیداریی و بەرێوەبەری پەروەردەکان
سەرپشکن و دەتوانن بڕیاری راگرتنی دەوامی سبەینێ بدەن.
هەرچی سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمیش
چاوگێک لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، دەسەڵاتی راگرتنی دەوامی قوتابخانەکان
دەسەڵات لای یەکە ئیدارییەکانە بەتایبەت بۆ ناوچە ساردەکانی هاوشێوەی ئیدارەی
سۆران و چۆمان و ناوچەکانی دیکەش.