سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی بەغدا رایگەیاند، لەسەر خوێندنی پاڕالێڵ لە زانکۆکانی هەرێم سکاڵایان لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار کردووە. دەشڵێت، "خوێندنی پارالێڵ پێچەوانەی دەستورە".
ئەمڕۆ دووشەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "خوێندنی پاڕالێڵ لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە پێشێلکاری یاسایی دادەنێین".
دەشڵێت، بە گوێرەی مادەی ٣٤ لە دەستوری عێراق جەختدەکاتەوە
لەسەر ئەوەی پەروەردە و خوێندن بە خۆڕاییە لەسەرجەم قۆناغەکاندا، بەڵام بەم جۆرە
حکومەتی هەرێم پێشیلکاری دەستور دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، دەیانەوێت ئەم ستەمە لەسەر خوێندکاران
لاببەن، بۆ ئەم مەبەستە سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر سەرۆکایەتی و
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە.
هاوکات، پارێزەرەکەشی ئاماژەی بەوەدا، ئەمجۆرە لە خوێندن
وای کردووە چینایەتی دروست بکات لە نێو خوێندکاراندا کە دەسەڵاتی پێشوەختە دەداتە
زانکۆکان بەوی کە پارە وەربگرن بەوجۆرەی زانکۆکان خۆیان دەستنیشانیان کردووە. ئەمەش
پێشیلکارییە بەرامبەر بە یاسا دەستورییەکان.
وتیشی، مادەی ١٣ و ١٦ی دەستور رەتی دەکاتەوە هیچ یاسایەک
پەسەند بکرێت دژایەتی مادەی ٣٤ی دەستور بکات.
لەبارەی دورخستنەوەی هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ
پۆستی سەرۆک کۆماری لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی
نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، بە داخەوە ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان پارتە کوردییەکاندا
هەیە لەسەر مافەکانی خەڵک و هاوڵاتییان و چاکسازی نییە، بەڵکو ناکۆکییە لەسەر پۆست
و پلەکان.
وتیشی، ئەم پارتانە واڕاهاتوون شیرینی پۆستەکان
دابەشبکەن لە نێوان خۆیاندا، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە زۆرینە و ئۆپۆزسیۆن هەیە
ئەمەش وایکردووە باڵانسی هێز تێکبدات.
ئاماژەی بەوەشدا، ماڵی کوردی لایەنێکی سیاسی یەک
دەنگنین، نەک لە ئێستا، بەڵکو پێشتریش هەر وابوون.