هۆشیار زێباری رایگەیاند، یەکپارچەیی خاک و گەلی عێراق بە گرنگ دەزانێت و کاری بۆ دەکات، دەشڵێت، "یەکێتی ھەر ھاوپەیمانی پارتی بووە و دوای سەرکەوتنیشم ھەر بەوجۆرە دەمێنینەوە."
هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی فەرمی عێراقدا رایگەیاند، "کاندید بوونم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری یەکلایی بووەتەوە"، دەشڵێت، ئەوان لەگەڵ هەموو هەوڵێکی چارەسەرکردنی کێشە چارەسەرنەکراوەکانن.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، "هەڵبژاردن زۆر شتی گۆڕی، گەلی عێراق قسەی خۆی کرد و هەموو هێزە
سیاسییەکان باش لە پەیامی گەلی عێراق تێگەیشتوون."
راشیگەیاند، بە
چوارچێوەی هەماهەنگییان وتووە، یان بەشداری پێکهێنانی حکومەت بکەن بەگوێرەی بەرکەوتەی
هەڵبژاردن یان چاودێری حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بکەن.
لەبارەی ئەوەی
هاوپەیمانێتی پارتی و سوننە و رەوتی سەدر مەترسی بێت بۆ سەر حەشدی شەعبی، کاندیدی
پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرایکرد، گرەنتی دەدەن بەوەی پارێزگاری لە حەشدی
شەعبی دەکەن، چونکە "حەشد دامەزراوەیەکی یاسایی رێزدارە."
لەبارەی پەیوەندییەکانی
نێوان یەکێتی و پارتییەوە وتی، ئەوان هاوپەیمانن و دوای دەرچونیشی هەر بە هاوپەیمانی
یەکتر دەمێننەوە.
لەبارەی دەستوەردانەکان
لە پێکهێنانی حکومەتدا، هۆشیار زێباری ئاشکرایکرد، "وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش
هەوڵدەدەن کاریگەرییان هەبێت، بەڵام ئەمجارە وەک جارانی پێشوو نییە تاکە هێزێک کاریگەری
وەک خۆی مابێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتدا مەرجەعییەتی شیعەیە لە نەجەف و تا ئێستا مەرجەعییەت
هیچی ئاشکرا نەکردووە."
بڕیارە لە سێ رۆژی
داهاتوودا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت، ئەگەر
٢٢٠ پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکە بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ،
موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتەر پەیامێکی ئاڕاستەی پەرلەمانتارەکانی
کردووە و دەڵێت، "ئەگەر کاندیدەکەی پارتی هاوپەیمانمان یان هەر کاندیدێک مەرجەکانی
بوون بە سەرۆک کۆماری تیادا نەبێت، داوا دەکەم نوێنەرانی چاکسازی دەنگی پێ نەدەن."
بەپێى زانیارییەکانى
ئێن ئاڕ تى، رۆژى یەکشەممە جارێکی تر ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر
بە سوپای پاسداران و مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى کۆدەبنەوە.
هەر بەپێى زانیارییەکانی
ئێن ئاڕ تى، ئێران دەیەوێت ناوماڵی شیعە رێکبخرێت و هەموو لایەک بەشداری حکومەت بن.
لە ئێستادا پارتی
لە نێوان بەرداشی پێکیهێنانی حکومەت و کاردانەوەکانی دوای پێکهێنانەکەدایە، ئەگەر
حکومەتەکە تەنها بەشێکی شیعەی تیابێت.
هاوکات، چاوگێکی
ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی وت، چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی دەیانەوێت ١١٠ پەرلەمانتار
کۆبکەنەوە و دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی ٧ ی مانگ لەسەر دەنگدانی بە سەرۆک کۆماری عێراق
پەکبخەن.