سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم زانیاری نوێ لەسەر ٢٠٠ ملیارەکە ئاشکرادەکات

PM:10:40:04/02/2022

23236 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی مانگانە بەغدا بەشێوەی سولفە دەینێرێت، دەبێت دواتر حکومەتی هەرێم بیداتەوە بە بەغدا، دەشڵێت، هەولێر بەغدا بە قوڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت و لەو باوەڕەدایە دەبێت هەموو کێشەکان لەوێ چارەسە بکرێن.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیایەکی عێراقیدا رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم بە بەهای ٢٠ ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا.

لەبارەی داهاتی دەروازە سنورییەکانەوە وتی، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا کراوە دەبێت حکومەتی هەرێم ٥٠٪ داهاتی خاڵەسنورییەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات، بەڵام تاوەکو ئێستاش کێشەیان لەگەڵ دەروازە ناساییەکاندا هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی دەبوو دوای پەسەندکردنی بوجە، بەغدا پشکی هەرێمی بناردایە، بەڵام تائێستا نەیناردووە بەڵکو مانگانە بەشێوەی سولفە ٢٠٠ ملیار دینار دەنێرێت و دەبێت دواتر حکومەتی هەرێم بیداتەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لە ئێستادا گومانیان لە موچەی ١٠٠ هەزار موچەخۆر هەیە، بێ ئەوەی بە هیچ وردەکارییەکی دیکە بدات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، داهاتی حکومەتی هەرێم مانگانە زیاترە لە دوو ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا تەواو موچەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت مانگانە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە و بەو بیانووەوە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت.

لەبارەی گرانی نرخی سوتەمەنی بەگشتی و بەنزین بەتایبەتی جوتیار عادل ئاشکرایکرد، "وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و رێککەوتن لەسەر ناردنی یەک ملیۆن و ٥٠ هەزار لیتر بەنزین رۆژانە، بەڵام بەغدا تا ئێستا جار جار نیوەی دەنێرێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرێم رۆژانە پێویستی بە شەش ملیار لیتر بەنزین هەیە، هەردوو کۆمپانیای کار و قەیوان رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەرهەمدەهێنن و ئەمەش بەشی ناوخۆ ناکات.

جوتیار عادل دەشڵێت، حکومەتی هەرێم لە ئێستادا قەرزی پاشەکەوتی موچەخۆران و کۆمپانیاکانی لەسەرە کە دەبێت بیداتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەولێر بەغدا بە قوڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت و لەو باوەڕەدایە دەبێت هەموو کێشەکان لەوێ چارەسە بکرێن.

لەبارەی کێشەی دابینکردنی کارەباوە جوتیار عادل رایگەیاند، لە هەرێم چەندین وێستگە بوونیان هەیە کە دەتوانن کارەبای هەرێم دابین بکەن، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵی سوتەمەنییان بۆ دابین ناکەن ناتوانرێت بەگەڕ بخرێن.

راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار داوایان لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە سوتەمەنی بۆ وێستگەکان دابین بکەن بەڵام نەیکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرنامی چاکسازی تەواوی کەرتی گشتی دەکرێتەوە، بە دامەزراوە سەربازییەکانیشەوە، لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ تا ئێستاش لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشەمەرگەن، بەڵام هەنگاو بەهەنگاو لەهەوڵی ئەوەدان بخرێنە سەر وەزارەتی پێشەمەرگەوە.













گەلەری