بڵاونەوەی وێنەی جۆ بایدن لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەی داعش ئەبو ئیبراهیم قوڕەشی، وێنەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکای هێنایەوە بیر لەکاتی ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆن دژی سەرکردەی گروپە چەکدارییەکان.
رۆژی پێنجشەممە لەلایەن کۆشکی سپییەوە وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە و تێیدا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی چاودێری ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجگرتنی ئەبو ئیبراهیم قوڕەشی دەکەن.

میدیاکان وێنەکەی
بایدنیان بە وێنەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بەراورد کردووە لەکاتی چاودێری ئۆپراسیۆنەکان
دژی سەرکردەی گروپە چەکدارییەکان.
وێنەکەی بایدن بە
تایبەتی لەگەڵ وێنەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بەراورد کراوە کە وێنەکەی
ئۆباما بۆ ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە، لەکاتی ئۆپراسیۆنێکدا لە شاری ئابووت ئاباد لە وڵاتی
پاکستان بە مەبەستی کوشتنی ئوسامە بلادن سەرکردەی رێکخراوی ئەلقاعیدە.

بەشێکی دیکە لە
میدیاکان وێنەکەی بایدنیان لە پاڵ وێنەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە،
کە وێنەکەی ترەمپ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ لە کاتی ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنی کوشتنی
ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ئەوکاتەی داعش لە شاری ئیدلیبی سوریا.

ژووری ئۆپراسیۆنەکان
دەکەوێتە ژێرزەمینی باڵی رۆژئاوای کۆشکی سپی و لەلایەن ستافی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە
بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارەکانیانەوە بۆ
چاودێرییکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا بەکاردەهێنرێت.
ئەمەش دوای ئەوە
دێت، دوێنێ سەرۆکی ئەمەریکا کوژرانی ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی سەرکردەی داعشی لە ئیدلیب
و دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی قاعیدەی لە ئۆپراسیۆنێکی سوپای ئەمریکادا راگەیاند و وتیشی،
لە دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی پێشووی داعشەوە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە
کە ئەنجامیانداوە.