نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، هەنگاوەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوانیان بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و لەماوەی داهاتوودا لیوا هاوبەشەکان دەستبەکاردەبن.
عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەنگاوەکان بۆ پڕکردنەوە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە بەردەوامە و هەنگاوەکان لەوبارەیەوە بەرەو پێشچوون.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لیوا هاوبەشەکەی کە دروست دەکرێت لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای
عێراق دەبێت و ژمارەی هێزەکە دوو هەزار ئەندام دەبێت، دەشڵێت، هەزار ئەندامی سەر
بە پێشمەرگە و هەزار ئەندامی دیکەی سەر بە سوپای عێراق دەبێت.
ئەوەشی
خستووەتەڕوو، لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە و دەکەونە نێوان هەرێم
و بەغدا ئەو هێزانە جێگر دەکرێن، دەشڵێت، لە خانەقینەوە تاوەکو سحێلا ئەو هێزانە
جێگر دەبن تیایاندا.
عەبدولخالق تەڵعەت
راشیگەیاندووە، زۆرینەی ئامادەکارییەکان و رێوشوینە پێویستەکانی تایبەت بە مەشقکردن
و کاروبارە هونەرییەکان و پڕچەککردنی دوو لیواکە تەواو بووە تەنیا ئەوە ماوە موچەکان
لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق جێگربکرێت.
بەگوێرەی رێککەوتنی
نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دەبێت چەند بنکەیەکی هاوبەش و هەماهەنگی
بکرێتەوە و ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لە نێوان هەردوولا بە هێزە هاوبەشەکە
پڕبکرێنەوە و خاڵی پشکنینی هاوبەش لە نێوانیاندا دابمەزرێنن و لە میحوەرە جیاوازەکان
چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە،
ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا دروستبووە، بووەتە دیارترین
ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان و چەکدارانی داعش سودێکی زۆریان لەو بۆشاییە ئەمنییە بینیوە
بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆسەر هەردوولا و فراوانتر کردنی روبەری چالاکییەکانیان.