سەردێڕ:

قائانی دێتەوە ھەرێم.. کۆبوونەوەی چارەنوسساز دەکرێت

PM:07:50:04/02/2022

27508 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی کە لە چەند چاوگێکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، رۆژى یەکشەممە جارێکی تر فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی دەیانەوێت ١١٠ پەرلەمانتار کۆبکەنەوە تاوەکو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەکبخەن.


بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، رۆژى یەکشەممە جارێکی تر ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى کۆدەبنەوە.

هەر بەپێى زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تى، ئێران دەیەوێت ناوماڵی شیعە رێکبخرێت و هەموو لایەک بەشداری حکومەت بن.

لە ئێستادا پارتی لە نێوان بەرداشی پێکیهێنانی حکومەت و کاردانەوەکانی دوای پێکهێنانەکەدایە، ئەگەر حکومەتەکە تەنها بەشێکی شیعەی تیابێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پارتى و سوننەکان و موقتەدا سەدر هاوپەیمانێتییەکیان بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق دروستکردووە و خاوەنی نزیکەی ١٧٥ پەرلەمانتارن، بەڵام بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێت ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەبن.

هاوکات، چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی وت، چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی دەیانەوێت ١١٠ پەرلەمانتار کۆبکەنەوە و دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی ٧ ی مانگ لەسەر دەنگدانی بە سەرۆک کۆماری عێراق پەکبخەن.

بۆ تەواوبوونی نیساب و چارەسەرکردنی دۆخی سیاسی عێراق دەبێت سەدر رێگەبدات سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حکومەت بکەن کە سەدر لەمەدا رەزامەندە و تەنیا رێگری دەکات نوری مالیکی بەشداری بکات و چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێن، "هەموومان پێکەوە بەشدای حکومەت دەکەین."

دەستوری عێراق ٣٠ رۆژی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک كۆمار دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و رۆژی ٨ی مانگ وادەکە کۆتایی دێت.

لە ئەگەری دووەمدا، نیساب تەواو نابێت و دانیشتنەکە بەڕێوەناچێت و بەپێی دەقە یاساییەکان، لەکاتێکدا رۆژی دووشەممە نیساب بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان دروستنەبوو، سەرۆک كۆماری ئێستا لە پۆستەكەی خۆی بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن‌ بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان و دواتر سەرۆک كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت.













گەلەری