سەردێڕ:

پەیامێک لە عەمار حەکیمەوە بۆ کورد؛ باجدانەکەی قورس دەبێت

PM:05:51:04/02/2022

32028 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رەوتی حیکمە لە پەیامێکدا داوا لە هێزە سیاسییەکانی کورد و سوننە دەکات، "دووبەرەکی و جیاوازی فڕێبدەن و هەستی هاوبەشەکانتان بریندار نەکەن" و دەڵێت، "نابێت بۆ پێکهێنانی گەورەترین بەرە تەنها خۆیان بژاردە بکەن، چونکە ئەمە باجدانەکەی قورس دەبێت."


ئەمڕۆ هەینی، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لە پەیامێکدا رایگەیاند، نابێت پێکهێنانی بەرەیەک لەسەر حسابی بەرەیەکی دیکەی گەورەتربێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "داوا لە کورد و سوننە دەکەم بەوشێوازە مامەڵە بکەن کە ئێمە پێشتر کردوومانە، پێکەوە هەوڵماندا دووبەرەکی و جیاوازی و دابڕان فڕێبدەین و بەرەو سەقامگیری و ئاسایش و گەشەسەندن هەنگاوبنێین".

عەمار حەکیم دەشڵێت، "پێویستە کورد و سوننە ئاگاداربن هەستی هاوبەشەکانیان بریندار نەکەن، ئەوانەی گەورەترین پێکهێنەری کۆمەڵگەی عێراقین."

لەبارەی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیشەوە دەڵێت، "گەورەترین بەرە و بچوکترین بەرە هیچ واتایەکی نییە ئەگەر حکومەتێکی خزمەتکاری لێ بەرهەم نەیەت و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی لە ئێستادا هەن نەکاتە کارە لە پێشینەکانی."

سەرۆکی رەوتی حیکمە داواشیکردووە، "هەموو هێزە سیاسییەکان بەرژەوەندی عێراق بخەنە پێش بەرژەوەندی ئەو بەرەیەیی بەردەوام چاویان لەسەریەتی، نابێت بۆ پێکهێنانی گەورەترین بەرە تەنها خۆیان بژاردە بکەن، چونکە ئەمە باجدانەکەی قورس دەبێت."

باسی لەوەشکردووە، "سنور تێپەڕاند لە بابەتی پێکهێنانی گەورەترین بەرە، بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات و خوێنی ئەوانەی لە پێناو مافەکانی عێراق رژاوە بەخۆڕایی دەڕوات."

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دادگای فیدراڵی عێراق داوایەکی چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ دیاریکردنى گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانى عێراق رەتکردەوە و فراكسیۆنی سه‌درى وەکو گەورەترین فراکسیۆنى ناو پەرلەمانى عێراق ناساند، کە ئەوەش ململانێکانی ناو ماڵی شیعەکانی زیاتر کردووە.













گەلەری