سەردێڕ:

پەیامە جیاوازەکان لەبارەی کوشتنی خەلیفەی دووەمی داعشەوە

PM:12:44:04/02/2022

7892 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی دوێنێ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کوشتنی دووەم خەلیفەی داعشی راگەیاند لە ئەنجامی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەی لە دوو رۆژی رابردوودا دەستی پێکردووە و ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.


مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کوژرانی سەرکردە تیرۆرستییەکەی داعش، درێژکراوەی ئەو هەوڵە مەزنەیە کە سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامیان داوە.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئەوان سوپاسی هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکەن لەپای هاوکارییە بەردەوامەکانیان و کوشتنی خەلیفەکەی داعشیش بەشێک بووە لەو هەوڵە و باسی لەوەشکردووە هێزەکانیان بەشداری کارایان هەبووە لە ئۆپەڕاسیۆنەکەدا.

مەزڵوم عەبدی نوسیویشیەتی، هیوادارە ئەو ١٢١ کەسەی لە رووبەڕووبوونەوەی ٥ رۆژی شەری زیندانی غوێراندا شەهید بوون، روحیان ئاسوە دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کوشتنی ئەبو ئیبراهیم هاشمی گورزێکی کوشندە بوو بۆ سەرکردایەتی رێکخراوی داعش و دادپەروەری بوو بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی تاوانەکانی داعشەوە کوژراون، وتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەناوبردنی ئەبو ئیبراهیم ئەلقه‌رشی لەلایەن خەڵکی کوردستان بەگشتی و خوشک و برا ئێزیدییەکانمانەوە بەتایبەتی، پێشوازی لێدەکرێت و داعش تووشی شکستێکی دیکە بووەوە."

تانژو بیلگیچ وتەبێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، رایگه‌یاند، "توركیا جارێكی دیكه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ قبوڵ ناكات بۆ به‌ره‌نگاری رێكخراوێكی تیرۆریستی هاوبه‌شێتی له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی دیكه‌ی تیرۆریستی بكرێت ( کە مەبەستی لێی هێزەکانی سوریای دیموکراتە)".

شەوی رابردوو، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی سەرکردەی داعشی لە ئیدلیب و دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی قاعیدەی راگەیاند و دەشڵێت، لە دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی پێشووی داعش؛ گەورەترین ئۆپەراسیۆنە.













گەلەری