سەردێڕ:

شاخەوان عەبدوڵا: لە پۆستەکانی بەغدادا پارتی جێی یەکێتیی دەکاتەوە

PM:08:33:11/01/2022

7328 جار خوێندراوەتەوە

ململانێکانی پارتی و یەکێتیی بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستەکانی بەغدا بەردەوامە و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەفەسێک بوو بۆ یەکێتیی بەوەی لە پۆستی تردا جێیان دەکرێتەوە."


سەبارەت بە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە پشکی پارتی پۆستەکەی وەرگرت بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "ئێمە ٨ی شوباتمان بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریکردووە، هیوادارین لایەنەکان بگەنە رێککەوتن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای پەسەندکردنی دادگای فیدڕاڵی دەچینە نێو کاتی دەستورییەوە، وەک چۆن لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا، نەمانهێشت کاتی دەستوری بشکێت، دیسان پابەندین لەماوەی مانگێکدا سەرۆک کۆماریش هەڵبژێرین."

شاخەوان عەبدوڵا داواشی لە حزبەکان کرد، رێککەوتن ئەنجام بدەن تا لە کاتی دەستوریدا کەسێک کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دەشڵێت، دواتر دەبێت رێکارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت بگرنەبەر کە یەکێکە لە ئەرکە قورسەکان.

راشیگەیاندووە، "حزب خاوەن بڕیاری خۆیەتی پارتی هەموو هەنگاوەکان چووەتە پێشەوە، تەنانەت دەستنیشانکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەفەسێک بوو بۆ یەکێتی، رەنگە لە پۆستی تردا جێتان بکەینەوە، مادام پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەڵبژارد واتە تموحی لە شتی تر نیە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وەکو پارتی رۆڵمان هەبووە تا لایەنەکان بگەنە یەک، بەڵام کە دانیشتن ئەنجامدرا بەپێی ماددەی ٤ ناتوانرێت دانیشتن دوابخرێت، ناکرێت خەڵکانێک رێگربن لە دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت لەبەر ئەوەی ئەنجامەکانیان بەدڵ نەبووە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و ناتوانین دەستور پێشێل بکەین، لەو روانگەشەوە سورین لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەزووترین کات، تا دەست بەخزمەت بکات."

شەڕى بەردەوامى پارتى و یەکێتیی لەسەر پلە و پۆست و ئیمتیازاتەکان بووە لە هەرێم و بەغدا، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، لە بەغدا هەردوولایان بەشدارییان لە حکومەتەکاندا کردووە و پۆستی باڵایان وەرگرتووە، بەڵام زۆرترین سوود بۆ خۆیان و کەمترین سوود بۆ هاوڵاتییان هەبووە لە بەشداریکردنەکانیان.













گەلەری