سەردێڕ:

وەزیری سامانە سروشتییەکان: نەوت بە ٩٠ هەزار دینار بەسەر هاوڵاتییان دابەشدەکرێت

PM:07:13:11/01/2022

34228 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە دابەشکردنی نەوت لە پێش هاتنی وەرزی سەرما و بە ٥٥ هەزار دینار بەسەر هاوڵاتیاندا، بەڵام لە دهۆک لە پاش چاوەڕوانییەکی زۆر بە ٩٠ هەزار دینار بەرمیلێک نەوت دابەشکرا.


کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانى هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا لە ناوچە شاخاوی و زۆر ساردەکان نەوتی سپییان دابەشکرد کە حکومەتی هەرێم دابینیکرد و بەرامبەر ٥٥ هەزار دینار دەدرا بە هاوڵاتیان و تائێستاش لە هەندێک ناوچە بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا هەیە کە ٢٥٠ ملیۆن لیتر نەوتیان بۆ بنێرێت، ئێستا ٥٠ ملیۆن لیتر دێت و دەست بە دابەشکردن کراوە لە هەندێک ناوچە، بەڵام ئەمەیان بەرمیلی بەرامبەر ٩٠ هەزار دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان.

دابەشکردنی نەوتیش بەو نرخە ناڕەزایی هاوڵاتییانی دهۆکی لێکەوتەوە و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمیش دەڵێت، هاوڵاتیان گلەییان نییە لەسەر نرخەکەی و بەزرکردنەوەى نرخى نەوت بەشتێکى ئاسایی ناودەبات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێش هاتنی وەرزی سەرما کەمال ئەتروشی وتی، "خۆم ماڵ بە ماڵ دەگەڕێم تاوەکو بزانم هەموو ماڵێک نەوتی وەرگرتووە"، بەڵام تاوەکو ئێستا کە بەشێکی زۆری وەرزی سەرما تێپەڕیوە لە زۆرێک ناوچەکان نەوت دابەشنەکراوە.













گەلەری