سەردێڕ:

ئێوارە شیعەکان كۆدەبنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدكردنی مالیكی

PM:12:27:12/01/2026

680 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی تر لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كۆببنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و راگەیاندنی بڕیارەكە.


دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کشایەوە، نوری مالیکی وەک تاکە کاندیدی پۆستەکە مایەوە و بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی پرسەکە بەلایەکدابخرێت.

بەپێی زانیارییەکان، سودانی پێش کشانەوەی لەگەڵ مالیکی رێککەوتووە کە پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران لای هاوپەیمانێتییەکەی ئەوبێت لەگەڵ وەرگرتنی وەزارەتێکی دیکەی سیادی، هاوکات سودانی بە مەرجی ئەوەش کشاوەتەوە، پۆستی سەرۆك وەزیران بدرێت بە كەسێك كە كوتلەی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە كۆتایی بەو نەریتە سیاسییەی ناو پێكهاتەی شیعە بهێنێت كە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكەن، هێزی سیاسی لەناو پەرلەماندا نەبێت.

چاوگێکیش بە ئێن ئار تی وت، ئەگەر تا پێش کۆبوونەوەکە هیچ ناڕەزایەتییەک لەسەر کاندیدکردنی مالیکی نەبێت، ئەوا لە کۆبوونەوەکەدا بەفەرمی لایەنە شیعەکان نوری مالیکی دیاری دەکەن وەک کاندیدی کۆتایی پۆستی سەرۆک وەزیران. باسی لەوەشکرد، ئەگەر نارەزایەتی هەبێت، ئەوا جارێکی دیکە گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنی کەسێک دەستپێدەکەن.













گەلەری