سەردێڕ:

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا

PM:11:16:09/01/2022

8340 جار خوێندراوەتەوە

دڵشاد گۆران پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا و تاوەکو ئەم ساتەش چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن، کە ئەنجامەکانیان قبوڵ نییە.


چوارچێوەی هەماهەنگی ٨٨ پەرلەمانتاریان هەیە و خۆیان بە گەورەترین لایەنی ناو پەرلەمان دەزانن و لە بەرامبەریشدا لایەنی سەدر دەڵێن ئەوان گەورەترین کوتلەی پەرلەمانن و ٧٣ کورسی پەرلەمانیان هەیە.

پاش هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا گرژی دروستبوو و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی کاتی پەرلەمان بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

پاش ئەوەی جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردەوە و خالید دەراجی دانیشتنەكەی وەک سەرۆکی کاتیی بەڕێوەبرد و لە یەکەم کاریشیدا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بوو، کە محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و کاندیدی بەرامبەری مەحمود مەشهەدانی بوو.

لە دەنگدانەکەدا ٢٢٨ لە کۆی ٣٣٢ پەرلەمانتار دەنگیان داوە و محەمەد حەلبوسی ٢٠٠ دەنگی بەدەستهێناوە و مەحمود مەشهەدانی ١٦ دەنگی بەدەستهێناوە و ١٤ دەنگیش پوچەڵ بووە.

لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدار نەبوون و دەنگیان نەدا.

دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان ٥٠+١ی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، واتە ١٦٥ دەنگ لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتاری ئامادەبوو بەدەستبهێنێت. دواتر لەماوەی ١٥ رۆژدا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.













گەلەری