سەردێڕ:

موسەنا ئەمین هۆکاری کشانەوەی لە کاندیدی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرا دەکات

PM:10:56:09/01/2022

21184 جار خوێندراوەتەوە

موسەنا ئەمین لە کاندیدی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کشایەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیشدا رایگەیاند، ئەو سیناریۆیەی بەڕێوەدەچێت لە عێراقدا بۆ یەکەمجارە ئەزموونی لەو جۆرە تاقیبکرێتەوە و لەگەڵیدا نەبووین.


موسەنا ئەمین باسی لە هۆکاری کشانەوەی لە کاندیدی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کرد و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەدا نەبووین کە لەرێگای زۆرینەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و ئەم ئەزموونە بۆ یەکەمجارە لە عێراقدا، دەشڵێت، دەبووایە شتەکان لانیکەم بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان بووایە.

ئەوەشی خستەڕوو، "عێراق لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردایە و نەدەبوو لەم قۆناغەدا بابەتەکان لە رێگای زۆرینەوە یەکلا بکرێنەوە، بۆئەوەی عێراق نەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار و پرسیاری وەک (شەرعیەت) لە داهاتوودا دروستببێت و دواتر رەنگە پەلبکێشێت بۆ جوڵانی شەقام."

روونیشیکردەوە، ئەگەر دەرفەت بدرایە بە رێککەوتن ئەوا لە داهاتوودا عێراق بەرەو ئاڕاستەیەکی باشتر دەڕۆیشت.

راشیگەیاند، "پرۆسەکەمان بە دڵ نەبوو، بەڵام شتەکە روویداوە و نیسابی پەرلەمانی هەبووە بۆئەوەی دانیشتنەکان بەڕێوەبچن و ئەگەر هەیە دەنگ لەسەر شایستە دەستورییەکان بدرێت، بۆیە بەشداریمان کردووە."

موسەنا ئەمین هیواشی خواست، هەمان جۆر دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار دووبارە نەبێتەوە و دۆخی عێراقیشی بە هەستیار ناوبرد.

ئەمڕۆ دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا بە دەنگی ٢٠٠ پەرلەمانتار، محەمەد حەلبوسی بۆ خولی دووەم وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، یەکگرتوو دەنگی بە کاندیدەکەی پارتی داوە بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.

پاش هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە ٢٢٧ دەنگ بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا گرژی دروستبوو و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی کاتی پەرلەمان بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

پاش ئەوەی جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردەوە و خالید دەراجی دانیشتنەكەی وەک سەرۆکی کاتیی بەڕێوەبرد و لە یەکەم کاریشیدا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بوو، کە محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و کاندیدی بەرامبەری مەحمود مەشهەدانی بوو.

لە دەنگدانەکەدا ٢٢٨ لە کۆی ٣٣٢ پەرلەمانتار دەنگیان داوە و محەمەد حەلبوسی ٢٠٠ دەنگی بەدەستهێناوە و مەحمود مەشهەدانی ١٦ دەنگی بەدەستهێناوە و ١٤ دەنگیش پوچەڵ بووە.

لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدار نەبوون و دەنگیان نەدا.

دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان ٥٠+١ی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، واتە ١٦٥ دەنگ لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتاری ئامادەبوو بەدەستبهێنێت. دواتر لەماوەی ١٥ رۆژدا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.














گەلەری