کەشناسی ھەرێم رایگەیاند، ئەم شەو دووشەممە تا رۆژی سێشەممەی داھاتوو ١٨ی ١ی ٢٠٢٢ شەپۆلێکی باران و بەفربارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕیوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر ناسەقامگیرییەکی رەوشی کەش و ھەوا و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکە بۆ ماوەی ھەفتەیەک بە شێوازی نمە باران و بارانی مامناوەند بەردەوامی ھەبێت.
دەشڵێت، بەفر و باران ناوچەکەمان بەم شێوەیەی خوارەوە دەگرێتەوە:
- سەرەتا و لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بارانبارین لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ دەستپێدەکات، دواتر لە نیوەڕۆی ھەمان رۆژ ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە پاشان سەنتەری شار .
- کاریگەریی ئەم شەپۆلە زیاتر دەبێت و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین باران دەبارێت.
- پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە و بەفربارین لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنووریەکان دەبارێت .
لەبارەی بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە ماوەی رۆژی دووشەممە، راگەیەنراوەکەی کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە، بەم شێوەیە دەبێت :
سنووری پارێزگای ھەولێر ( ٥ تــــا ١٠ ) ملم دەبێت.
سنووری پارێزگای سلێمانی ( ٤ تــــا ٨ ) ملم دەبێت.
سنووری پارێزگای دھۆک ( ٨ تــــا ١٥ ) ملم دەبێت.
سنووری پارێزگای ھەلەبجە ( ٤ تــــا ٨ ) ملم دەبێت.
سنووری پارێزگای کەرکوک ( ٠ تــــا ٢ ) ملم دەبێت.
ھەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، رۆژی سێشەممە نمەبارانی پچڕپچڕ دەبێت و کاریگەریەکەی لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە زیاتر دەبێت .
راگەیەنراوەکەی کەشناسی ھەرێم باسی لەوەشکردووە، لەماوەی رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ١٢ی ١ی ٢٠٢٢ تاکو رۆژی سێشەممەی داھاتوو کاریگەری ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت و ئاسمانی ھەرێم بەردەوام ھەوری دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران و مامناوەند وە بەفریش لەم ماوەیەدا لەسەر ناوچە شاخاوییە سنووریی و بەرزەکاندادەبارێت .