سروە عەبدولواحید کاندیدی سەرکەوتووی پەرلەمانی عێراق لە جوڵانەوەی نەوەی نەوێ رایگەیاند، پەیامێک بۆ خەڵکی کوردستان دەنێرن کە ئەوان لە پەرلەمانی عێراق داکۆکیکاری داوا و مافە رەواکانی خەڵکی هەرێم دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سروەعەبدولواحید کاندیدی سەرکەوتوی نەوەی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکدا هاتوونەتە گۆڕەپانی تەحریر بۆ ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین.
ئاماژەی بەوەشدا، دواتر بەرە و ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق "پەرلەمان" بە "توکتوک" بەڕێدەکەون وەک هێمای
خۆپیشاندەرانی تشرین.
سروە عەبدولواحید وتیشی، ئەوان وەک
پاڵپشتییەک لەم هەنگاوەی "هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک" لە ئێستادا
هاتوونەتە گۆڕەپانی تەحریر.
ئەوەشی خستەڕوو، "رەنگە لایەنەکانی
دیکە لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشکردنی پۆست و پلەکان بن، بەڵام ئێمە لێرە سەرقاڵی
ئەوەین لەگەڵ خەڵکدا دوپاتی بکەینەوە کە پشتیوانی ئەوانین".
ئەوەشی خستەڕوو، لێرە پەیامێک بۆ خەڵکی
کوردستان دەنێرن کە ئەوان لە پەرلەمانی عێراق داکۆکیکاری داوا و مافە رەواکانی خەڵکی
هەرێم دەبن و هاوپەیمانی لە پێناوی خەڵک پشتیوانی لەو داوایانە دەکات.
لەبارەی دانیشتی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراقەوە،
سروە عەبدولواحید باسی لەوەشکرد، لایەنەکان سەرقاڵی کۆبوونەوەن و تا ئێستا هەریەک
لە مەحمود مەشهەدانی و محەمەد حەلبوسی کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەوان وەک هاوپەیمانی
لە پێناو خەڵک بەگوێرەی ئەجێندای خۆیان دەنگ بەو کاندید و لایەنەدەدەن کە
داواکارییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناو پەرلەماندا جێبەجێبکات و هاوکاربێت.
هاوپەیمانی لەپێناو
خەڵک (نەوەی نوێ و ئیمتیداد) چوونە گۆڕەپانی تەحریر شوێنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی رابردوو وەکو ئاماژەیەک بۆ بەردەوام بوون
لەپشتیوانی داواکاریەکانی شەقام و تشرینیەکان.
لەبارەی گرنگی ئامادەبوونی ئۆپۆزسیۆن لە
دانیشتی پەرلەماندا، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی ٤٠ پەرلەمانتاری
دەرەوەی ئەو حزب و لایەنانەی دەسەڵات لە پەرلەمان ئامادەدەبن، چونکە کاریگەرییان
هەیە لەسەر یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکان و کام لایەن بیباتەوە.
ئەمە
لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.