سەردێڕ:

شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە هەرێم دەگرێتەوە

PM:02:19:28/08/2026

1060 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە رۆژی دووشەممەوە پلەکانی گەرما بە رێژەی تا حەوت پلەی سیلیزی نزم ببنەوە.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئاشکرای کرد، بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی سارد و شێدارەوە، لە دوای نیوەڕۆی شەممەوە ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و ئەگەری بارانبارین و چالاكبوونی با هەیە، کە کاریگەرییەکەی تا ئێوارەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت، لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ سەر دەریای ناوەڕاست و جوڵەی بارستە هەوایەکی شێدار لە باکوری دەریای سوورەوە، لە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممەوە ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکە و بارینی بارانی کەم تا مامناوەند لە ناوچە جیاوازەکاندا هەیە.

ئەو شارەزایەی کەشناسی روونیشی کردەوە، ئەگەری بارانبارین لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و سۆران زیاتر دەبێت، هاوکات بای باشور بە خێرایی ١٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، وتیشی، لە رۆژی دووشەممەوە بارستە هەوا ساردەکە بە تەواوی دەگاتە ناوچەکە و پلەکانی گەرما بە رێژەی پێنج تا حەوت پلە دادەبەزن و کەشوهەوایەکی فێنک ناوچەکە دەگرێتەوە.













گەلەری