سەردێڕ:

دەستگیرا بەسەر موڵک و سامانی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و بەرپرسی باڵای عێراقدا

PM:11:19:28/08/2026

540 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ماڵ و سامانی ١٢ کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی باڵا، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو کەیسانەی کە پەیوەندییان بە دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە هەیە.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان كە میدیاكانی عێراق بڵاویانكردوەتەوە، بانکی ناوەندی گشتاندنی بۆ هەموو بانک و دامەزراوە داراییەکان کردوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لیستەکە ناوی ئیبراهیم سومەیدەعی، راوێژکاری پێشووی سەرۆک وەزیران، و ژمارەیەک پەرلەمانتاری وەک عالیە نەسەیف، موسەنا سامەرائی، بەها نوری و زیاد جەنابی لەخۆ دەگرێت.
هەروەها پەرلەمانتاران عەبدولڕەحمان خالید، محەمەد فەرمان جبوری، هند عەباسی، بوشرا قەیسی، مۆزەر کەروی، ئەشواق جبوری، و محەمەد سەعدون سەیهود ناویان لە لیستەکەدا هاتوە. ئەم بڕیارە لەسەر داوای دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەرچووە و هەموو جۆرە سامانێکی گوازراوە و نەگوازراوە دەگرێتەوە.


هاوکات بانکی ناوەندی داوای لە تەواوی بانكەكانی عێراق کردوە كە بە زووترین کات هەر جۆرە هەژمارێکی بانکی ئەو کەسانە هەبێت، لایەنە دادوەرییەکانی لێ ئاگادار بکرێتەوە.


ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دێت، کە تێیدا لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان چڕتر کراوەتەوەو بڕیارەکە رێگە دەگرێت لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی یان گواستنەوەی خاوەندارێتی موڵکەکانی ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە.












گەلەری