سەردێڕ:

پارتی فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەی لە گوندی گردەڕەشە دەستگیرکرد

PM:10:13:25/08/2026

968 جار خوێندراوەتەوە

هێزێکی پارتی دوو شەوە گەمارۆی گوندی گردەڕەشەیان داوە و دوای گەمارۆکەش دەستیان کردووە بە پشکنینی تەواوی ماڵەکانی گوندەکە. چاوگێکیش ڕایگەیاند، لە بازگەیەکی هەولێر پارتی فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەی نزیک لە خورشید هەرکی دەستگیر کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٦، چاوگێکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی وت، پارتی فەرماندەیەکی بەناوی میرخان هەرکی جێگری فەرماندە لە فەوجی دوو لە لیوای ١٠ لەگەڵ سێ لە براکانی و پاسەوانەکانی لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەرکدا لە گوندی گردەڕەشەی خەبات لە لایەن هێزەئەمنییەکانی هەولێرەوە دەستگیرکردووە.

بەپێی زانیارییەکان پارتی هێزێکی زۆری لە گوندی گردەڕەشەی سنووری خەبات جێگیر کردووە و بەتەواوی گەمارۆی گوندەکەیانداوە، دوای گەمارۆدانەکەش، هێزەکەی پارتی چوونەتە ناو ماڵەکانی گوندەکە و تەواوی کەلوپەلەکانی ماڵەکانیان پشکنیوە.

سەرهەڵدانی ئەم ئاڵۆزییانە بەهۆی پیامەکەی خورشید هەرکیەوە بوو کە لە زیندانەوە گەیاندیە دەرەوە و وتبووی، دادگا بە نیازە سزایەکی قورس بەسەر خۆی و براکەیدا بسەپێنێت.

دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکە و بەهۆی نادیاریی چارەنووسیان، گەنجانی بنەماڵەی خورشید هەرکی ڕێگاکانی گوندی گردەڕەشەیان لە سنووری خەبات بەڕووی هاتوچۆدا داخست دواتریش پارتی ئەو هێزە زۆرەی ناردە سەر گوندەکە و نزیکەی ١٠ کەسیشی لە کەسوکاریی خورشید هەرکی دەستگیرکرد.

هەر بەپێی زانیارییەکان، خورشید هەرکی و براکەی لە هەمان ئەو زیندانەی ئاسایشدا ڕاگیراون کە پێشتر پێشمەرگەیەکی پارتی تێیدا لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا و دواتر تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.













گەلەری