فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند، هاوکات دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی كۆماری لە دیمەشق، بەفەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربەخۆی هێزەكانی هەسەدەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە تەواوی هێزەکەکانیان دەبنە بەشێک لە پێکهاتەی سوپای نیشتمانیی سوریا.
فەرماندەی گشتیی
هەسەدە وتیشی، شەڕڤانان
لە یەکێک لە سەختترین قۆناغەکاندا شار و شارۆچکەکانی سووریایان لە دەسەڵاتی بەعس و
تیرۆری داعش ڕزگار کرد، لەو پێناوەشدا هەزاران شەهیدیان بەخشیوە تاوەکو پاشەڕۆژێکی
ئارام بۆ منداڵانی وڵات دابین بکەن.
مەزڵوم عەبدی جەختیشی
کردەوە کە مافی خوێندن بە زمانی کوردی یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکان و سەرۆک
کۆمار ڕەزامەندی لەسەر پاراستنی ئەم مافە داوە و دەشڵێت، لە ئەمساڵدا دەست بە جێبەجێکردنی
بڕیاری خوێندن بە زمانی کوردی دەکەین و لە داهاتووشدا پەرەی پێ دەدەین.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا،
مەزڵوم عەبدی وێنای سوریای داهاتووی کرد وەک نیشتمانێکی یەکگرتوو بۆ هەموو پێکهاتەکان،
لە عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری و تورکمان، کە تێیدا شکۆ و مافی هەموو هاوڵاتییان
پارێزراو بێت و لە قۆناغی جەنگەوە بەرەو ئاوەدانکردنەوە هەنگاو بنێن.
لەلایەکی دیکەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، مەزڵوم عەبدی،
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بە راوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا
بۆ کاروباری گەلی کورد دەستنیشانکرا.