گۆڕینی دینار و لابردنی سێ سفر
چاکسازییەکی پێویست یان رووکەش؟
PM:06:44:25/08/2026
172 جار خوێندراوەتەوە
نەرمین مەعروف
+
-
ماوەیەکە
باسوخواسی گۆڕینی دینار و لابردنی سێ سفر لەسەر دراوەکە زۆر گەرمە، ئەگەرچی ئەمە
نوێ نییە و پێشتریش عێراق دوو جاریتر لە ساڵانی رابردوو نیازی ئەم کارەی هەبووە و
تەنانەت لەبەرنامەیدابووە فیئەیتر زیادبکات بۆ دینار وەک فیئەی ٢٠ هەزار دیناری و ١٠٠
هەزار دیناری بەڵام ئەم پرۆژانەی بۆ جێبەجێنەکراوە لەبەر کۆمەڵێ هۆکار رەنگە لە دەرفەتێکیتردا
باسی بکەم.
پەیوەست بە
لابردنی سێ سفری سەر دینار هەرچەند هێشتا بە فەرمی بڕیاری لێنەدراوە بەڵام بە مەبەستی
بەرچاوڕوونی هاوڵاتیان وەک پسپۆرێکی ئەم بوارە بە پێویستی ئەزانم چەند سەرنجێکی
زانستی لەسەر بابەتەکە لە چەند بەشێکدا بخەمەڕوو:
بەشی یەکەم:
کاریگەری لابردنی سێ سفر لەسەر بەها و هێزی کڕینی دینار
لابردنی سفری سەر
دراو پرۆسەیەکی چاکسازی نەختینەییە لە بنەڕەتدا بۆ ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕ و مامەڵەکردنی
کڕین و فرۆشتنە بە تایبەتی لەو ووڵاتانەی بەهۆی بەرزی رێژەی هەڵاوسانی کەڵەكەبوو ئەنجامدانی
مامەڵەکان پێویستی بە بڕێکی زۆرە لە پارە بەهۆی نزمی هێزی کڕینی دراوەکەیان بەجۆرێک
بەهای مامەڵەکان (بۆنمونە) وەک ئێستای عێراق لە خانەی دەیان هەزار و سەدان هەزار و
ملێونان دینار بەرەو ژوورە، لە کاتێکدا ساڵانی هەشتاکان لە خانەی فلس و دەیان و سەدان
دیناریدا بووە.
لابردن یان کەمکردنەوەی
سفرەکان قەبارەی بەهای مامەڵەکان بە ژمارە بچووکدەبێتەوە و بڕی دراوی کەمتر بەکاردەهێنرێت
بەمەش ئاسانکاری زیاتر فەراهەمدەبێت بۆ مامەڵەکاران و سەرجەم یەکە ئابوورییەکان لەڕووی
ئاڵوگۆڕ و ژمێریاری و گواستنەوەی پارە و متمانەکردنی زیاتر بە دراوەکە.
بەڵام بەها و هێزی
کڕینی دراوە نوێیەکە بەرامبەر بڕی شمەک و کاڵاکانی بازاڕ یان بەڕامبەر دۆلار و
دراوە بیانییەکانیتر گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، جگە لەو دۆخەی کە ڕەنگە مامەڵەکارەن
بۆ ماوەیەکی کورت بە کاریگەری (وەهمی نەختی) وا هەستبکەن کە هەژاربوون چونکە بڕی
داهاتیان بە ژمارە کەمدەکەت و بە هۆیەوە خواستیان بۆ کڕین کەمبکات، یان لەوانەشە
وا هەستبکەن نرخەکان دابەزیوون و شمەکەکان هەرزانبوون خواستیان بۆ کڕین زیادبکات،
کە رەنگە بۆ ماوەیەک کاریگەری لەسەر ئاستی گشتی نرخەکان و رێژەی هەڵاوسان
درووستبکات، وەیان ئەگەر چاودێری حکومەت لەسەر بازاڕ لاوازبێت و پرۆسەکە لەلایەن هەندێ
لە فرۆشیاران ئیستیغلال بکرێت و نرخی هەندێ لە کاڵاکان بەرزبکەنەوە بەتایبەت ئەگەر
دراوە نوێیەکە پارەی ووردەی نەبێت.
بەشی دووەم: دەسەڵاتی
گۆڕینی دینار
پشتبەست بە دەستووری
هەمیشەیی عێراق مادەی (١١٠/ سێیەم) دەرکردنی دراو و داڕشتنی سیاسەتی نەختینە و
دارایی و دامەزراندنی بانکی ناوەندی و بەڕێوەبردنی لە دەسەڵاتە رەها فیدڕاڵییەکانە
(السلطات الحصرية الاتحادية) ، وە یاسای بانکی ناوەندی ژمارە ٥٦ـی ساڵی ٢٠٠٤ لە مادەکانی
١٦، ٣٢ ، ٣٣، ٣٤ دەسەڵەتی سەربەخۆ و بەتەنهای داوەتە (بانکی ناوەندی عێراق) بۆ دەرکردنی
دراوی کاغەز و کانزاکان، و دیاریکردنی بڕ، فیئە ، شێوە ، پێکهاتە ، کێش ، دیزاین و
پێوەرەکانی دراوەکە، هەروەها دەسەڵاتی راهای هەیە لە گۆڕینەوەی دراوە کۆنەکان بە
دراوی نوێ، و کێشانەوە و لەناوبردنی دراوە کۆن و لەکارکەوتووەکان.
سەبارەت بە پرسی
گۆڕینی دینار و لابردنی سێ لە سفرەکانی هەندێک لە پسپۆران بە منیشەوە پێمان وایە ئەم
پرۆسەیە بە تەواوی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بانکی ناوەندیدایە، و پێویست بە دەرکردنی
یاسایەکی تایبەت و رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران ناکات، و بانکی ناوەندی پشتبەست بە
یاسا بەرکارەکەی خۆی دەتوانێت ئەو کارەبکات.
لەبەرامبەردا بۆچونێکیتر
هەیە و پێی وایە پرۆژەکە پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەتە لە پەرلەمان بۆ پابەندکردنی
یەکە ئابورییەکان بە قبوڵکردنی دراوە نوێیەکە و هاوتاکردنی بەهای قەرز و گرێبەست و
پابەندییە داراییەکان بۆ رێگری لە درووستبوونی کێشەی یاسایی، هەروەها فەراهەمکردنی
پاڵپشتی سیاسی و ئەمنی بۆ پرۆسەکە.
شایەنی باسە ساڵی
٢٠٠٣ دوای رووخانی رژێمی پێشو بە فەرمانی ژمارە ٤٣ لە سەردەمی دەسەڵاتی حاکمی مەدەنی
(پۆل بریمەر) ئەم دراوەی ئێستا دەرکرا، و سەرجەم جۆری دینارە کۆنەکەنی ساڵانی
رابردووکە هەبوون لە جۆری دیناری سویسری و چاپی ناوخۆ گۆڕدرانەوە لە ماوەی سێ مانگ
(١٥ـێ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ تا ١٥ـێ کانونی یەکەمی ٢٠٠٤)، واتا ئەم گۆڕانکارییە لە دیناردا کرا بەر لە دەرچوونی
یاسای بانکی ناوەندی ژمارە ٥٦ لە ساڵی ٢٠٠..
ئەگەر چی ئەو فەرمانەی
بریمەر یاسایەک نەبوو لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت بەڵام پشتبەست بە مادەی ١٣٠ـی دەستوور
هاوشێوەی هەر ١٠٠ فەرمانەکانی دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتیی (سلطة الائتلاف المؤقتة)
بوونە بەشێک لە سیستمی یاسایی عێراق و بەرکاردەبن تا ئەو کاتەی لە پەرلەمان هەمواردەکرێنەوە،
هەروەها مادەی ٢٦/أ لە یاسای ئیدارەی کاتی دەوڵەت لە ساڵی ٢٠٠٤ دووپاتیکردۆتەوە کە
سەرجەم یاسا و رێسا و رێنمایی و فەرمانەکانی (دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتیی) بەرکاردەبن
تا ئەوکاتەی هەڵدەوەشێنرێنەوە یان هەمواردەکرێنەوە.
بەکورتی ئەگەرچی
فەرمانی ژمارەی ٤٣ـی دەرکردنی دیناری ئێستا هاوشێوەی هەریەک لە یاسای ژمارە ٥٦ی
بانکی ناوەندی و یاسای ژمارە ٩٤ـی بانکە بازرگانییەکان لە ساڵی ٢٠٠٤ بە فەرمانی (دەسەڵاتی
هاوپەیمانی کاتیی) لەسەردەمی (پوڵ بریمەر) بەبێ پەرلەمان دەرچووە ، بەڵام لە یاسا
بەرکارەکەی ئێستای بانکی ناوەندی دەرکردنی دینار و تەواوی لایەنە یاسایی و تەکنیکی
و ژمێریاری ئەو بابەتەی خستۆتە ئەستۆی بانکی ناوەندی ، ئەوەش بێگومان بۆ ئەوەی ئەم
پرسە بەشێوەیەکی زانستی و بابەتیانە ئەنجامبدرێت دوور لە دەستێوەردان و خواست و ویستی
هێزە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان.