وتەبێژی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن (حوسییەکان) ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ڕێگەی موشەکی بالیستییەوە کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعودیەیان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێ گەیاندوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٦، یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان وتی، کەشتیی نەوتهەڵگری "ئەمزەن" لە باکوری دەریای سوور و لە نزیک کەناراوەکانی "یەنبوع" بە وردی پێکراوە و بەهۆیەوە ئاگری گرتووە.
ئەو
وتەبێژە جەختیشیکردەوە کە ئەم هێرشە لە چوارچێوەی بڕیاری گەمارۆی دەریایی و هاوکێشەی
"گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ" ئەنجامدراوە.
لە لایەکی
دیکەوە، وتەبێژی حووسییەکان ئاشکرای کرد کە دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەسەر زەوی
دژی هێزەکانی سعودیە جێبەجێکردووە، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کاروانێکی سەربازیی
سعودیە لە ناوچەکانی "ئەلجەببار و ئەلوەدیعە" کراوەتە ئامانج، کە بووەتە
هۆی تێکشکاندنی زیاتر لە ١٠ بارهەڵگری پڕ لە چەک و کەرەستەی سەربازی.
بەگوێرەی
ڕاگەیەندراوەكە، لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا لە ناوچەی "کەنایس" هێزێکی سوپای
سعودیە کراوەتە ئامانج و بە وتەی یەحیا سەریع "دەیان سەرباز و ئەفسەر و فەرماندە
کوژراون و بریندار بوون"، جگە لە تێکشکاندنی چەندین کۆگای چەک.
هاوکات
ناوبراو هۆشداریی توندی دایە سعودییە و ڕایگەیاند، هێزەکانیان ئامادەی بەرپەرچدانەوەی
هەر هێرشێکن بە گورزی توندتر و ئۆپەراسیۆنی گەورەتر.
ئەوەش
لە کاتێکدایە، رۆژی ١٣ـی مانگی رابردوو دوای نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە سەنعا
و هێرشکردنە سەر حوسییەکان لەلایەن سعودییەوە، بارگرژییەکانی نێوان هەردوولا چووە
قۆناغێکی نوێوە. حوسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعودیەیاندا سەپاندووە و لەو
ماوەیەدا چەندین جار ژێرخانی نەوتی، فڕۆکەخانەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتەیان
کردوەتە ئامانج.