PM:06:49:24/08/2026
1848 جار خوێندراوەتەوە
عێراق دەنگدان لەسەر لابردنی سفرەکانی دینار لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دواخرا و پرسەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی کرا بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێ.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکەدا نزار ناسر پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەی بوو و یەکێک لەو تەوەرانەی گفتوگۆی لەسەر کرا گۆڕینی دیناری عێراقی بوو.
چاوگێک لە
کۆبوونەوەکە بە ئێن ئاڕ تی وت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی
بڕیاری دا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەم پرسە دوبخات و بابەتی گۆڕینی و دراو و
لابردنی سفرەکانی سەر دینار ڕەوانەی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی بکات بۆئەوەی خوێندنی
زیاتری بۆ بکات.
بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕواندەکرێت پێش یاساى بودجە ئەو
پرسە یەکلایی بکرێتەوە و حکومەت و بانکى ناوەندى چەند هۆکارێکیان بۆ لابردنى
سفرەکان دیاریکردووە کە بریتین لە، گێڕانەوەی بڕێکى زۆرى پارەى کاش کە بەهۆی گەندەڵییەوە لە باخ و مەزرا
و شوێنە نهێنییەکاندا هەڵگیراون و لەدەرەوەى سیستمى بانکین، لەگەڵ پاراستنی
دراوەکە لە ساختەکردن، دروستکردنەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە بانکەکان بۆ
وەگەڕخستنەوەی سەرمایە سڕکراوەکان.
دوێنێش،
نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندی لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەى دارایی
جەختیکردبوەوە، پرۆژەی گۆڕینی دراو، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و تەواوی دیزاین و
قەبارەی پارە نوێیەکان ئامادەن.
ئاماژەى
بەوەشکردبوو، بڕیارە حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن کاغەزی دراوی نوێ بە تێچووی ٢٥٠ ملیۆن
دۆلار لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا و بەریتانیا چاپدەکرێن، بەبێ ئەوەی بەهای
ئابووریی دراوەکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا بێت.