PM:05:55:24/08/2026
1008 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تایبەتمەند بڕیاری سزادانی ئامادەیی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەڕاست (فوراتی ناوەڕاست) و فەرمانبەرێکی هاوڕێی دەرکردووە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی بڕیاری سزادانی شەش ساڵ زیندانیکردن و سزای دارایی بە بڕی ١٠ ملیۆن دیناری بەسەر بەڕێوەبەری گشتی و فەرمانبەرەکەدا سەپاندووە. سزادانەکە لەسەر پاشخانی وەرگرتنی بەرتیل بووە لە کۆمپانیایەک بەرامبەر ڕادەستکردنی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایە.
ئەم ڕێکارە یاساییانە لە کاتێکدایە کە دەستەی دەستپاکی لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵێک دۆسیەی گەورەی گەندەڵی دەکات کە بەرپرسانی باڵای جێبەجێکردن لە دەوڵەت و چەندین پەرلەمانتار دەگرێتەوە، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی عێراقدا.