سەرۆک وەزیران دەڵێت، کاتی پاشەکشەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دیاری کرد و هەروەها، عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٦، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بەڵێنیداوە کار بۆ پتەوکردنی سەروەری خاکی عێراق بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەی حکوومەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجامدانی
چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دامەزراندنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە ژێر چەتری
دەستووردا.
وتیشی، لە ٣٠ـی ئەیلوولی داهاتوودا کاتی
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق، بەمەش عێراقییەکان سەروەریی
فەرمیی خۆیان بەسەر تەواوی خاکی نیشتماندا ڕادەگەیەنن.
جەختیکردەوە، عێراق نابێت ببێتە وێستگەیەک
بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دیکە، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەسەڵاتی
باڵای ئایینی و سەرجەم دامەزراوە ئایینییەکان کرد بۆ ئەو رێنماییانەی تایبەت بە
پاراستنی ئاسایشی عێراق و پاراستنی گەلەکەی و بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
ڕوونیکردەوە، ناوچەکە چەندین دەیەیە لە
ژێر گرژییەکی بەردەوامدا دەژی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لێکترازان و لێکتێنەگەیشتن
لە تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا. بۆیە داوای کرد بۆ یەکڕیزی لە هەڵوێست و
بڕیارەکاندا سوود لە کەلەپوور و رێبازی گەورەی پێغەمبەری ئیسلام وەربگیرێت.