سەردێڕ:

چۆن کێشەکەی خورشید هەرکی سەریهەڵدایەوە؟

PM:12:30:24/08/2026

1456 جار خوێندراوەتەوە

دوای گەیاندنی پەیامێک لە زیندانەوە کێشەی خورشید سەریهەڵدایەوە و هێزێکی زۆری پارتی گەمارۆی گوندی گردەڕەشیان دا و پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، لە گوندەکە هەوڵی پشێووی دراوە و چەند کەسێک راگیراون.


بەگوێرەی زانیارییەکان خورشید هەرکی لە زیندانەوە پەیامی ناردووە کە دادگا بە نیازە سزای قورس بەسەر خۆی و براکەیدا بسەپێنێت، بەو هۆیەشەوە گەنجانی بنەماڵەکەی رێگاکانی گوندی گردە رەشەیان لە سنووری خەبات گرت.

هەر بەپێی زانیارییەکان رێگریی لە ئازادکردنی حەیدەر هەرکی برای خورشید هەرکی کراوە و خورشید هەرکیش ئەمەی رەتکردووەتەوە.

هاوکات لە کاتی رووداوەکەدا رەیان خورشید هەرکی بە ئێن ئاڕ تی وت، مامی و کەس و کاریان لە وەزارەتی ناوخۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان.

دوای ئەوەش پارتی هێزێکی زۆری رەوانەی گوندەکە کرد و بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستاش هێزەکانی پارتی لە ناوچەکە ماون و گەمارۆی گوندەکەیان داوە.

لەسەر رووداوەکەش، پۆلیسی هەولێر راگەیەندەاوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، چەند کەسێک لە گوندی گردەڕەشەی سنووری خەبات دەستیان کردبوو بە دروستکردنی پشێووی و نا ئارامی، دەشڵێت، بۆ رێگریکردن لەوە هێزەکانیان گەیشتنە سنوورەکە و ئەوانەی دەستیان لە دروستکردنی پشێووییەکە هەبوو بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون، هەروەها ڕیکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێکی دیکەش دەگیرێتە بەر کە بەشداریان لەو رووداوە کردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە، دوای دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، مانگی رابردوو پۆلیسی هەولێر کۆمەڵێک تۆمەتی قورسی ئاڕاستە کردوون کە سزاکانیان لە پێبژاردنەوە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی خورشید هەرکی و براکەی لەو زیندانەی پۆلیس زیندانیکراون کە پێشتر پێشمەرگەکەی پارتی لە رووداوێکی تەم و مژاویدا گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.













گەلەری