سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، حکومەت لە قۆناغی کۆتایی تەواوکردنی کابینەکەیدایە و تەنها چەند وەزارەتێکی کەم ماون یەکلابکرێنەوە، جەختیشیکردەوە کە پێشمەرگە هێزێکی دەستووری و ڕێکخراوە و بڕیاری چەکدانان ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٦، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق لە هەشتەمین کۆنگرەی گفتوگۆی بەغدا وتی، لێکتێگەیشتنی باش لە ئارادایە و تەنها دوو یان سێ وەزارەت ماوە یەکلابکرێنەوە و بەم زووانە کابینەی حکومەت تەواو دەکرێت.
ئاماژەی
بەوەشکرد، لە ئێستادا چوار سەرۆکایەتییەکە بەپەرۆشن بۆ ئەوەی هیچ جۆرە
بەریەککەوتنێک لە نێوان دامەزراوەکاندا دروست نەبێت.
سەبارەت بە
دۆسیەی ئەمنی و داهاتووی هێزە بیانییەکان، وتی، ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
لە عێراق لە ٣٠ـیئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی پێدێت، کە پێشتر بە داوای حکومەتی عێراق بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هێنرابوون.
هاوکات،
ڕەتیدەکاتەوە بەغدا ڕێگە بدات هیچ هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتانی کەنداو یان خاکی
عێراق بکرێتە مۆڵگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
لەبارەی پێگەی
هێزی پێشمەرگە باسی لەوەکرد، پێشمەرگە هێزێکی ڕێکخراو و دەستوورییە و وەک سوپا
مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، خاوەنی مێژوویەکی درێژە لە پاراستنی عێراقدا، بۆیە بڕیاری
چەکدانان و چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان بە هیچ شێوەیەک هێزی پێشمەرگە ناگرێتەوە.