سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێزی دەریاییی وڵاتەکەی سەرجەم ئەو مینە دەریایییانەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزدا چێنرابوون پاککردووەتەوە یان تەقاندوویەتییەوە. هاوکات هۆشدارییەکی توند ئاراستەی تاران دەکات کە هەر کەشتی یان بەلەمێکی ئێرانی هەوڵی چاندنی مینی نوێ بدات، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و دەستبەجێ تێکدەشکێندرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس)، دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی تایبەت بە دۆخی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و هەڵوێستی سەربازیی واشنتنی ئاشکرا کرد.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، لە لایەن
هێزی دەریاییی ئەمریکاوە ئاگادار کرامەوە کە سەرجەم مینە دەریایییەکان لەناو ئاوە
نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزدا لادراون یان تەقێندراونەتەوە.
ئێرانیش لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە هەر کەشتی یان
بەلەمێک هەوڵی دانانی مینی نوێ بدات، دەستبەجێ و بە شێوازێکی سیستەماتیک تێکدەشکێندرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای
پێشکەوتووی سەربازی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە و وتی، لە رێگەی هێزی بۆشاییی
ئاسمانیی ئەمریکاوە، چاودێریی بست بە بستی گەرووی هورمز دەکەین، وەک چۆن چاودێریی
چیای 'پیکئاکس' و ئەو سێ پێگە ئەتۆمییەی دیکەی ئێران دەکەین کە پێشتر تێکشکێنراون.
ترەمپ جەختی کردەوە کە لەم ساتەوە سیاسەتی
"نەرمی نەنواندن" لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی دانانی مین لە گەرووی هورمزدا
بە تەواوی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، و هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا رێگە بە هیچ
هەڕەشەیەک نادەن لەبەردەم ئاسایشی کەشتیوانی و هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگر و
بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا.