سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی سوریا: تورکیا هاوبەشێکی سەرەکییە لە ئاوەدانکردنەوەی سوریادا

PM:05:32:21/08/2026

1348 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تاوتوێی چوونە ناو رێککەوتننامەی مەککە دەکات و تورکیاش بە هاوبەشێکی سەرەکی لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەدا دەزانێت، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە هێشتا زۆر زووە قسە لەسەر رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل بکرێت.


ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی ئابی ٢٠٢٦، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە میانی سەردانێکیدا بۆ پاکستان ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریادا و پەیوەندییەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای سنوورێکی هاوبەشی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر بنیات نراوە.

سەبارەت بە هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی تریش، شەیبانی ڕایگەیاند کە دیمەشق بە جددی تاوتوێی چوونە پاڵ رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە دەکات، کە پێشتر لە نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستاندا واژۆ کراوە.

لە پرسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو کە قسەکردن لەسەر ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل هێشتا زۆر زووە، و دووپاتی کردەوە کە کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی بریتییە لە وەستاندن و ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا؛ چونکە سوریا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و نابێت هیچ لایەنێک هاوپەیمانێتی یان هاوبەشییەک بەسەردا بسەپێنێت.













گەلەری