سەردێڕ:

عەمار حەکیم و هادی عامری دانوستانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکان دەستپێکرد

PM:03:10:21/08/2026

1512 جار خوێندراوەتەوە

عەمار حەکیم و هادی عامری، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەستیان بە دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکان کردووە، بەمەبەستی گەیشتنە رێککەوتن بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت، هاوکات هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حکومەت و ئەو گروپانەشە.


ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی عەرەبی جەدید، لیژنەیەکی تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لەلایەن هاوپەیمانی دەسەڵاتدارەوە پێکهێنراوە، بە کردەیی پەیوەندییەکانی بە سەرکردە و نوێنەرانی چەندین گروپەوە دەستپێکردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە خستنەگەڕی ئاراستەیەکی ڕاستەوخۆی دانوستانە، سەبارەت بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.

لیژنەکە کە لە هادی عامری (سەرۆکی رێکخراوی بەدر) و عەمار حەکیم (سەرۆکی رەوتی حیکمە) پێکهاتووە، لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەدا کۆدەبێتەوە کە تا ئێستا رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان رادەست بکەن. مەبەست لەم دیدارانە گوێگرتنە لە هەڵوێست و مەرجەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە لەڕێگەیەوە بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان جێبەجێ بکرێت.

جگە لە پرسی چەک، ئەرکی عامری و حەکیم بریتە لە هێورکردنەوەی گرژییە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان سەرۆک وەزیران و هەندێک لە گروپە چەکدارەکان، بەتایبەت کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا؛ ئەوەش بەهۆی بوونی جیاوازیی ڕوون دەربارەی کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ئەو گەرەنتیانەی کە گروپەکان داوای دەکەن لە بەرامبەر گواستنەوەیان بۆ شێوازێکی نوێی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکاندا.












گەلەری