سەردێڕ:

عەلی زەیدی دڵنیایی لەبارەی مووچەی مووچەخۆران دەدات

PM:01:27:21/08/2026

1384 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، مووچەی فەرمانبەران دەستەبەرکراوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بودجە دەنێرنە پەرلەمان، وتیشی، هەوڵدەدەن رۆژانە هەشت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکەن.


ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی ئابی ٢٠٢٦، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دڵنیایی دا لەسەر دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران و وتی، توانیویەتی رێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمزەوە بدۆزێتەوە و رایگەیاند، کارکردن بۆ فراوانکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوامە و هەوڵیش هەیە بۆ هەناردەکردن لە رێگەی بەندرەکانی بانیاسی سوریا و عەقەبەی ئوردنەوە.

هاوکات، ئەمە جگە لەوەی حکومەت لە هەوڵدایە پشکی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی ئۆپێکەوە زیادبکەن، و هەوڵیشدەدەن لە ماوەی شەش ساڵدا هەناردەی نەوت بگەیەننە هەشت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا".

وتیشی، بەم نزیکانە پڕۆژەیاسای بودجە دەنێردرێتە پەرلەمان کە سەرنجی سەرەکی دەخاتە سەر کەرتی کارەبا و وزەی خۆر و چاکسازی لە سووتەمەنی ناوخۆیی.

لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز و وتی، ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆیان، بەڵام حکومەت لە رێگەی چالاککردنی دەروازە سنورییەکانەوە بەرەنگاری لێکەوتە ئابوورییەکانی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم هێزە سیاسییەکان هاوڕان لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداریی، دەشڵێت، پشتیوانییەکی بەرفراوانی سیاسی هەیە بۆ بەردەوامبوون لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە، هەروەها هیچ ئەگەرێکی بەیەکدادانی سەربازی لە ئارادانییە و رێگە بە دوژمنان نادەن بارودۆخەکە بقۆزنەوە.













گەلەری