سەردێڕ:

بڕیارێکی نوێدرا لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی گۆڕینی مۆدێلی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل

PM:07:02:20/08/2026

2472 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ماوەبەسەرچوو، بڕیارێکی لەبارەی وادەی گۆڕینی مۆدێلی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی درێژکردەوە، بەمەش بازرگانان دەتوانن تاوەکو ١ـی ١١ـی ٢٠٢٦ ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٤ هاوردە بکەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بڵاویکردەوە، بەپێی رێنمایی ژمارە حەوتی ساڵی ٢٠٢٦ کە هەمواری یەکەمی رێنمایی ژمارە ١٤ـی ساڵی ٢٠٢٥ـی تایبەت بە مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوە، رێکەوتی ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦ رێکەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەکردن لە ١ـی ٩ـی ٢٠٢٦، کرایە ١ـی ١١ـی ٢٠٢٦.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە دراوە لەسەر داوای بازرگانان و کاسبکارانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، دوای ئەوەی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە کاریگەری خراپی خستە سەر بازرگانی نێودەوڵەتی.

وتیشی، بەپێی ئەم هەمواره‌ نوێیە، بازرگانان تاوەکو ١ـی ١١ـی ٢٠٢٦، دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٤ هاوردەی هەرێم.

 هاوکات، لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانی کارئاسانیی پێویست، تاوەکو ئەو کاسبکارانەی ئۆتۆمبێلیان کڕیوە و بارەکانیان لە رێگەیە، کاتی پێویستیان هەبێت و رووبەڕووی زیانی دارایی نەبنەوە.













گەلەری