PM:04:45:20/08/2026
1548 جار خوێندراوەتەوە
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان دەکەن خۆیان بەدوور بگرن لە پیشاندانی چاوپێکەوتنی ئەو هونەرمەندانەی بەهۆی باری تەندروستییەوە ناتوانن شکۆیان لەبەردەم کامێرادا بپارێزن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦،ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بڵاویکردەوە، نیگەرانن لە بڵاوبوونەوەی هەندێک چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەندە نەخۆشەکاندا لە سۆشیال میدیادا، کە سەرەڕای مەبەستی خێرخوازی هەندێک میدیا، دواجار بووەتە هۆی شکاندنی شکۆی هونەرمەندەکە و کاریگەری نەرێنی دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و تێکچوونی باری
تەندروستییەوە، هەندێک لە هونەرمەندان کاریگەری لەسەر جەستە و شێوازی قسەکردنیان
دروست بووە، بۆیە پێویستە وەک ڕێز و پێزانینێک بۆ تەمەنی پڕ بەخششیان، بەچاوێکی
ڕێزی زیاترەوە لێیان بڕوانرێت.
باسی لەوەکرد، ئەگەر چی هەندێک دەزگای میدیایی مەبەستیانە سەرنجی
لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕابکێشن بۆ هاوکاریکردنیان، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو دۆخە
لە سۆشیال میدیادا ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە.
ڕوونیکردەوە، هەموو هەوڵێکی میدیاکان بۆ خزمەتکردنی هونەرمەندان بە
بەرز نرخێنراوە و داواکراوە لەو جۆرە چاوپێکەوتنانە خۆیان بەدوور بگرن.