PM:03:23:20/08/2026
1652 جار خوێندراوەتەوە
نرخی بەنزین لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیکبووەوە لە دوو هەزار دینار، هاوکات قەیرانی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراویش بەردەوامە.
بەهۆی کێشە لە میکانیزمی دابەشکردن و تەنها دابینکردنی بەنزین لەلایەن یەک پاڵاوگەوە، نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەولێر و دهۆک لە ماوەی دوو ڕۆژدا تا ٣٥٠ دینار بەرزبووەوە. لە بەرامبەردا، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری لەو دوو شارە تووشی کێشە و کەمکردنەوەی ژمارەی بەنزینخانەکان بووەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی دوو ڕۆژدا نرخی بەنزینی
بازرگانی لە هەولێر و دهۆک ٣٥٠ دینار چووەتەسەر و لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی
گەیشتووەتە هەزار و ٨٥٠ دینار. ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک،
دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری کێشەی بۆ دروستبووە، لە هەولێر ژمارەی بەنزینخانەکان
لە ١٥ـەوە کەمکرایەوە بۆ ١٢ بەنزینخانە، و لە دهۆکیش پشکی پارێزگاکە بۆ نیوە کەمکرایەوە
و ژمارەی بەنزینخانەکانی دابەشکردن لە ٢٥ـەوە بۆ ١٢ بەنزینخانە دابەزی.
لە سلێمانیش کێشەی دواکەوتنی گەیشتنی بەنزین بە بەنزینخانەکان
بەردەوامە و لە هەڵەبجەش بەپێی وتەی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە ماوەی دوو ڕۆژدا هیچ
بەنزینێکی ٧٥٠ دیناری بۆ ئەو پارێزگایە ڕەوانە نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکانیش، هۆکارەکانی ئەم قەیرانە ئەوەیە، تەنها
پاڵاوگەی لاناز بەنزینی پاڵپشتیکراو دابەش دەکات و پاڵاوگەی کار دابەشی ناکات، هەروەها
گۆڕینی میکانیزمی دابەشکردن و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان و سپاردنی بە کۆمپانیا یەکێکی
ترە لە هۆکارەکان.