PM:12:29:20/08/2026
948 جار خوێندراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، دەستپێکردنی جەنگێکی ئابووری هەمەلایەنە و بێپێشینەی دژی ئێران ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، کە ئەمە کوشندەترین ئۆپەراسیۆنە لە مێژوودا. هۆشداریی توندی دایە جیهان کە هەر وڵات یان دەزگایەک هاوکاری ئێران بکات، ڕووبەڕووی سزای قورسی ئەمریکا دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، پەیامێکی ئاراستەی ئێران کرد و قۆناغێکی نوێی لە فشاری دارایی ڕاگەیاند. ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە "کوشندەترین ئۆپەراسیۆنی ئابوری" لە مێژوی وڵاتەکەیدا ناوبرد، کە ئامانج لێی گۆشەگیرکردنی تەواوەتی ئێرانە لەسەر ئاستی جیهان.
ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر چەندین دەرفەت
بۆ ڕێککەوتن بە بەرپرسانی ئێرانداوە، بەڵام ئەوان نەیانتوانیوە سود لەو دەرفەتانە
وەربگرن و دۆخەکەیان گەیاندوەتە بنبەست. وتیشی، "بەداخەوە بۆ ئەوان، نەیانتوانی
ڕێککەوتن بکەن، بۆیە ئەمڕۆ من توندترین ئۆپەراسیۆنی ئابوری کە تا ئێستا دژی هەر وڵاتێک
ئەنجام درابێت ڕادەگەیەنم".
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، وێنەیەکی
تاریكی لە دۆخی سەربازی و دارایی ئێستای ئێران کێشا، هێزی دەریایی و ئاسمانی ئەو وڵاتە
تێکشکێندراون و کارگەکانی چەکیان وێران بون. هەروەها تیشکی خستە سەر داڕوخانی بێپێشینەی
بەهای تمەن و وتی، "دراوەکەیان بێبەها بوە و وڵاتەکەیان بە تاڵە مویەکەوە بەندە".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر وڵاتێک لە ڕێگەی
بانک، کۆمپانیا، فڕۆکەخانە یان دەزگا حکومییەکانیەوە هەر جۆرە دەستگیرۆییەکی ئێران
بکات، خۆی ڕوبەڕوی دەرهاویشتە ئابورییە ترسناکەکانی ئەمریکا دەبێتەوە.