سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێزەکانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمزیان کردووە و ئاشکراشی کرد رەنگە دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەستپێبکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەم رۆژنامەنووساندا لە بەردەم کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئێمە دەسەڵات و کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە و شەوی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکان لە گەرووەکە پەڕینەوە؛ ئەوەی ئێرانییەکان دەیکەن بە هەڵدانی درۆن جاروبار، تەنیا شتێکی بێزارکەرە و هیچ کاریگەرییەکی نییە و ناتوانێت رێگری لە کەشتییەکان بکات.
هاوکات سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ تاران، ترەمپ ئاشکرای
کرد،" لەوانەیە لە قۆناغێکدا دانوستان رووبدات، بەڵام بابەتەکە زۆر سادەیە، دەبێت
بە تەواوەتی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ببن و نابێت بە هیچ جۆرێک ببنە خاوەنی
چەکی ئەتۆمی، دەزانن بۆچی؟ چونکە ئەگەر دەستیان بکەوێت بەکاری دەهێنن، ئێمەش هەرگیز
رێگەیان پێنادەین و نابنە خاوەنی".
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە جێگیرکردنی نرخی وزە کرد و وتی، خەڵکی سەرسامن بەوەی
کە نرخی بەرمیلێک نەوت نەگەیشتە ٣٠٠ یان ٣٥٠ دۆلار وەک پێشبینی دەکرا، بەڵکو ئێستا
لە نێوان ٨٣ بۆ ٨٤ و ٨٥ دۆلاردایە، و کاتێک شەڕەکە بە بردنەوەمان کۆتایی دێت، نرخەکەی
زۆر لەوەش کەمتر دەبێتەوە.
هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە نەوتێکی زۆرمان خستووەتە بازاڕەوە و جیهان جێگرەوەی
لە ئەمریکا دۆزیوەتەوە؛ وڵاتان دێنە تێکساس، ئالاسکا و لویزیانا بۆ کڕینی نەوت.