عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوە و تاوتوێی ئاسۆکانی هاوکاری و کاری هاوبەشیان کرد و جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێرانیان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٦، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغداد و سەرەتا لەگەڵ نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە و، پاشان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوویەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی کۆبوونەوەکەی زەیدی
قالیبافەوە ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئاسۆکانی هاوکاری و کاری هاوبەش
و ڕێگاکانی بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا
کرا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەلانی دراوسێ
بکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی
نێوان عێراق و ئێران و هاوبەشییە مێژوویی، جوگرافی و ئایینییانەی هەردوو وڵات کۆدەکەنەوە
کردەوە و ستایشی هەڵوێستە پشتیوانەکانی بۆ عێراق کرد، بەتایبەتی ئەو پشتیوانییەی ئێران
پێشکەشی عێراقی کرد لە کاتی شەڕی دژ بە چەتەکانی داعش.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە بەرامبەردا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی عێراق دەربڕی و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق
لە پێشوازیکردن و خزمەتکردنی زیارەتکارانی ئێرانی لە کاتی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن
دەربڕی و جەختی لەسەر پەرۆشیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە
دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی
هەردوو گەلی عێراق و ئێران بێنێتە دی.