سەردێڕ:

دەستگیرکردنی بەرپرسێکی هەواڵگری حەشدی شەعبی دۆخێکی ئەمنی ئاڵۆز دروست دەکات

PM:03:52:19/08/2026

1228 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، هێزێکی دەزگای هەواڵگری عێراق لە پارێزگای زیقار، عەباس حسێن عەلی، بەڕێوەبەری هەواڵگری لیوای ١٤ی حەشدی شەعبی (سەر بە بزوتنەوەی نوجەبا)ی دەستگیرکرد. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو گومانی لێدەکرێت سەرکردایەتی تۆڕێکی قاچاغچێتی کردبێت بۆ گواستنەوەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٦، رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە زاری چەند چاوگێکی عێراقییەوە ڕایگەیاند، فشارێکی زۆر لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دروستبووە بۆ ئەوەی دەستگیرکراوەکە ڕادەستی حەشدی شەعبی بکرێتەوە و ڕێگری لە لێکۆڵینەوەکان بکرێت.

بە گوێرەی رۆژنامەکە لە بەرامبەردا، وتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی، جەختیکردەوە کە دەسەڵاتداران سوورن لەسەر جێبەجێکردنی یاسا بەسەر ئەو کەسانەی کە رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری چەکەکانیان بن.

لە لایەکی ترەوە، ئەبوموجاهید ئەسەف، بەرپرسی ئەمنی لە کەتائیبی حزبوڵا، هۆشداری توندی دا و سێ مەرجی سەرەکی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕاگەیاند، کە بریتیین لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراق، و هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.

ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە پرسی سەروەری دەسەڵات بەسەر چەکدا و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و گروپە چەکدارەکان، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی داعش لە ٢٠١٤ەوە، یەکێکە لە حساسترین و ئاڵۆزترین پرسیارە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی کە حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٦وە بە فەرمی بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە.













گەلەری