دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند، کەشتییەک لەکاتی دەرچوونی لە گەرووی هورمز بە مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ـی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی ئۆپراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەندامانی دەستەی کەشتیوانان لەلایەن پاسەوانانی دەریایی عومانەوە هاوکاریی کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هیچ زیانێکی
ژینگەیی لە ئەنجامی رووداوەکەوە تۆمار نەکراوە، بەڵام زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و
زیانیش بە بزوێنەری کەشتییەکە کەوتووە.
ئەم لە کاتێکدایە، کە جووڵەی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووی
هورمزەوە پەکخراوە و ژمارەی ئەو کەشتییانەی
بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن دابەزیوە بۆ کەمتر لە ١٠ کەشتی
رۆژانە، لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە رۆژانە زیاتر لە ١٣٠ کەشتی لەو گەرووە
گوزەریان دەکرد.
هەروەها، داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان
کە لەلایەن کۆمپانیای کیپلەرەوە بڵاوکراونەتەوە، هێمایان بۆ خاوبوونەوەیەکی بەرچاو
لە جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمزدا کردووە، بەپێی داتاکان، رۆژی شەممە تەنیا پێنج
کەشتیی گواستنەوەی کەلوپەلی سەرەکی لە گەرووەکە تێپەڕیون، لە کاتێکدا رۆژی یەکشەممە
هیچ کەشتییەک تێپەڕ نەبووە.وەستانی جووڵەی کەشتیوانی لە دەریای گەرووی
هورمز بەهۆی چەقبەستوویی گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی
ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی ووزە دادەنرێت، ئەم گەرووە کەنداو بە دەریای
عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە، پێش درووستبوونی ئاڵۆزییەکان، رۆژانە زیاتر
لە ١٣٠ کەشتی لەم گەرووەوە تێپەڕ دەبوون، کە نزیکەی ٢٠٪ـی نەوتی خاو و گازی سروشتیی
شلکراو.